لەسەر رووداوێکی تەقەکردن لە هەولێر هەشت کەس دەستگیر دەکرێن

لەسەر رووداوێکی تەقەکردن لە هەولێر هەشت کەس دەستگیر دەکرێن
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بە فەرمانی دادوەر هەشت کەس لەسەر رووداوی تەقەکردن لەنێوان گوندەکانی "چەمرگە، گردیشی سەروو و گردیشی خواروو"ی باشووری هەولێر دەستگیر کران.


رۆژی هەینی 06-03-2020 لە گوندەکانی چەمرگە، گردیشی سەروو و گردیشی خواروو لەسەر رێگەی هەولێر- کەرکووک لە دەرەوەی شار شەڕەتەقە لەنێوان دوو بنەماڵەدا روویدا. هێزە ئەمنیەکانیش لەوبارەوە لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونیان دەستپێکرد.

عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی شەڕەتەقەکەی دوێنێی باشووری هەولێرەوە رایگەیاند، "دوای گەیشتنی تیمە هاوبەشەكەی پۆلیس و ئاسایش بۆ شوێنی رووداوەكە، دەركەوت بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە شەڕەتەقە لەنێوان دوو بنەماڵەدا لەو گوندانە رووی داوە، بۆیە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 431 لە یاسای سزادان هەشت کەس لەسەر ئەو رووداوە دەستگیر کران".

عەمید دلێر نەجاڕ ئاماژەی بەوە کرد، هەر ئەو كات دۆخی گوندەكان ئارام بووەوە و دواتر پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەو رووداوە رێكخرا و لێكۆڵینەوەكانیش بەردەوامن.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر دووپاتیشی کردەوە، "پۆلیس خزمەتکاری هاونیشتمانییانە و کەسیش لە یاسا بەرزتر نییە".
Top