ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان پەیامێکی بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئافرەتان بڵاو کردەوە

ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان پەیامێکی بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئافرەتان بڵاو کردەوە
ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی بەبۆنەی هەشتی مارس رۆژی جیهانی ئافرەتان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە پەیامەکەدا رایگەیاندووە: "وەك چۆن لە بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتدا بەسەرۆكایەتی جەنابی مەسرور بارزانی ئاماژەی پێكراوە، لە كۆمەڵگەی كوردستان بە دەنگێكی بەرزو بە كردار دژی هەر جیاكارییەكی رەگەزی و پەراوێزخستنی رۆڵی ئافرەتان دەوەستینەوەو هەوڵ بۆ رەخساندنی كەشێك دەدەین كە ئافرەتان بە تواناو لێهاتوویی خۆیانەوە پێگەی شایستەی خۆیان لە كۆمەڵگەدا وەرگرن و بەشدارێكی كارای ناو كایەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی هەرێم بن.".

دەقی پەیامەکە:

ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، بەشانازییەوە یادی هەشتی مارس، رۆژی جیهانی ئافرەتان دەكاتەوە. لەم رۆژەدا ئێمە رێزی بێكۆتاییمان ئاراستەی خانمانی جیهان و كوردستان لە هەموو نەتەوەو ئایین و ئایینزا جیاوازەكان دەكەین، كە بەشدارییەكی كاراو تۆكمەیان لە سڕینەوەو هەڵگرتنی ئەو بەربەست و ئاستەنگییانەدا هەبووە كە بەرەوڕووی خۆیان، خێزانەكانیان، كۆمەڵگەو وڵاتەكەیان بووەتەوەو لە كۆتاییدا لەرێگەی هەوڵە بێوچانەكانیانەوە وڵاتیان بەرەو پێشخستن و گەشەسەندن ئاراستەكردووە.

لەم رۆژەدا، ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، پشتیوانی خۆی بۆ هەموو ئەو خانمانە دووپات دەكاتەوە كە لە ژوورو هۆڵ و بەڕێوەبەرایەتیەكانی حكومەت، پۆلەكانی خوێندن، تاقیگەكان و كۆمپانیاكان و...هتد. ئەوانەی كە بەشدارن لە پێشخستنی خێزان و كۆمەڵگەكەیان، هەروەها ئەوانەی كە چارەسەری بۆ رێگرتن لە نەخۆشییەكان و هەژاری و كێشەكانی دیكەی كۆمەڵگە دەدۆزنەوە. وەك دەزانن هێشتا لەمپەرو تەگەرەكان لە پێش وەدیهێنانی پێگەی یەكسان بۆ خانمان زیندوو و بەردەوامن. هێشتا لە هەندێ شوێندا عەقڵییەت و هزرێك پیادە دەكرێت كە مافە سەرەتاییەكان بۆ ژنان و كچان بە ڕەوا نازانێت و رێگری لەوە دەكات كە خانمان شوێن پێی شایستەی خۆیان لە كۆمەڵگەدا وەربگرن. ئێمەش وەك دامەزراوەیەكی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، شانبەشانی ئۆرگانەكانی دیكەی حكومەت كار بۆ رەخساندنی زەمینەیەكی لەبار دەكەین، كە ژنان و كچان ئازادبن لە پێشخستن و دەستنیشانكردنی تواناكانیان و لەگەڵ خێزان، كۆمەڵگەو وڵاتەكەیاندا ژیانێكی شایستەی خۆیان بژین.

ئەگەر ئاوڕێك لەمێژووی كوردستان بدەینەوە ئافرەتانێك هەبوون كە شانبەشانی پیاوەكان چەكی پێشمەرگایەتییان هەڵگرتووە یانیش لە پشتەوەی سەنگەرەكان بەخۆدانكردنی منداڵ و خێزان بەشدارییان لە سەرهەڵدانەكانی كوردستاندا كردووە. لێرەدا جێی خۆیەتی سەری رێزونەوازش بۆ خەباتی ئەوان دابنێین.

لە ئێستاشدا هەبوونی خانمانی خوێندەوارو بە جەرگ و ئازا لەسەر ئاستی هەرێم پێشكەوتنێكی گەورەیەو ئەوەش یارمەتی زیاتری ئاشتی و بەختەوەری و پاراستنی وڵاتەكەمان دەدات. هەشتی مارس ئەوەمان بەبیر دێنێتەوە كە ئێمە جارێكی دیكە جەخت لەسەر یەكسانی جێندەری بكەینەوە، هەروەها ئەو كەسانەش بەبیربێنێنەوە كە لە كۆمەڵگاكەماندا كاریان لە پێناو دابینكردنی یەكسانی بۆ نیوەی كۆمەڵگا كردووە كە لەكۆتاییدا خزمەت بە تەواوی كۆمەڵگا دەكات.

وەك چۆن لە بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتدا بەسەرۆكایەتی جەنابی مەسرور بارزانی ئاماژەی پێكراوە، لە كۆمەڵگەی كوردستان بە دەنگێكی بەرزو بە كردار دژی هەر جیاكارییەكی رەگەزی و پەراوێزخستنی رۆڵی ئافرەتان دەوەستینەوەو هەوڵ بۆ رەخساندنی كەشێك دەدەین كە ئافرەتان بە تواناو لێهاتوویی خۆیانەوە پێگەی شایستەی خۆیان لە كۆمەڵگەدا وەرگرن و بەشدارێكی كارای ناو كایەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی هەرێم بن.

یەكێك لە هەنگاوەكانی چاكسازی كابینەی نۆیەمی حكومەت كە ڕێزدار مەسرور بارزانی زۆر پێداگری لەسەر دەكات بە دامەزراوەییكردنی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بۆیە ئێمە وەك ئەنجومەنی خانمان لەم كابینەیەدا پشتگیری تەواوی جەنابیانمان پێویستە بۆ ئەوەی پرۆژە یاسای ئەنجومەنی خانمان بنێردرێتە پەرلەمان تاكو ئەم دامەزراوەیەی خانمان وەك دامەزراوەكانی دیكەی حكومەت رێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت و وەڵامدانەوەی ئێمەش بۆ پرسی ژن لە هەرێمەكەمان بەهێزترو رێكخراوتر بكات.

ئێمە لە ئەنجومەنی خانمان دووپاتیدەكەینەوە كە لە رێگەی پێشنیازكردن، داڕشتن، هەمواركردن و چاودێری جێبەجێكردنی تەشریعات و یاساكان كار بۆ كەمكردنەوەو نەهێشتنی جیاكارییەكان دەكەین. لەبواری پەروەردەدا جەخت لە كەمكردنەوەو نەهێشتنی جیاكارییەكان دەكەینەوەو هەوڵی دروستكردنی پێگەیەكی یەكسان بۆ خانمان دەدەین. لە كۆتاییدا جەخت لە سەر ئەوە دەكەینەوە كە كوردستانێكی بەهێز پێویستی بە ئافرەتی بەهێز هەیە.

ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان











باسنيوز


Top