میدیاکانی ئێران: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان 91 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون

میدیاکانی ئێران: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان 91 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون
بەپێی دوایین ئاماری گوتەبێژی دەستەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، هەتا ئێستا سێ هەزار و ٥١٣ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیە ٩١ کەسیان لە پێنج پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.

کیانوش جیهانپوور، گوتەبێژی دەستەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کرد، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٥٩١ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا لە شارەکانی ئێران تۆمار کراوە.

هاوکات ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ١٥ کەسی دیکە بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە و سەرجەمی ئەوانەی بەم هۆیەوە مردوون تا ئێستا ١٠٧ کەسن.

هەرچەند خودی ئێران لە ئامارە فەرمییەکاندا دەستنیشانی ناکات کە لە هەر پارێزگا و شارێک چەند کەس گیانیان لەدەست داوە، بەڵام بە پێی ڕیزبەندی لە سەرجەم 31 پارێزگاکەی ئێران ڤایرۆسی کۆرۆرنا بڵاو بووەتەوە.

بەپیی ئامارا فەرمییەکانی بەرپرسانی تەدنروستیی ئێران، لە پێنج پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی یەکەمی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە تا ئێستا ٩١ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، بەڵام دیار نییە لەو ژمارەیە مردوون یان نا، کە بەم چەشنەیە:

پارێزگای ورمێ: ١٠ حاڵەت

پارێزگای سنە: ١٨ حاڵەت

پارێزگای کرماشان: ٢٢ حاڵەت

پارێزگای ئیلام: ١١ حاڵەت

پارێزگای لوڕستان: ٣٠ حاڵەت

هەرچەند هەندێ سەرچاوەی نافەرمی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەندێ زانیارییان بڵاو کردووەتەوە کەلە شارەکانی "سەقز، سنە و کرماشان" چەند حاڵەتێکی مردن تۆمار کراون، بەڵام لە ئامارەکانی ئێراندا نەهاتوون.












باسنيوز


Top