لە گوندێکی دەڤەری سۆران 20 کەس بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا وەرگیراون

لە گوندێکی دەڤەری سۆران 20 کەس بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا وەرگیراون
لە کاتی راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) لە گوندی "باڵەکیان"ی سەر بە قەزای سۆران،٢٠ کەس وەک پاڵێوراوی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) وەردەگیراون.

دڵشاد باڵەکی، کاندیدی دکتۆرا لە بەشی ڕاگەیاندن زانکۆی سەڵاحەدین کە یەکێک لە وەرگیراوەکانە ڕايگەیاند: "دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی بەرایی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠)ی ڕاگەیاند لە گوندی باڵەکیان سەر بە قەزای سۆران (20) بیست پالێوراو لە خوێندنی بالا / ماستەر و دکتۆرا وەردەگیران کە تەنیا یەک کاندید نەبێ ئەوانی‌تر هەر هەموویان لە بەشە جیاکانی زانکۆی سۆران وەرگیراون.

گوتیشی: "لە نێو ئەو 20 کەسە هەشت کاندید بۆ خوێنی دکتۆرا و 12 پالێوراویش بۆ خوێندنی ماستەر لە بەشە جیاجیاکان وەرگیراون.

دڵشاد باڵەکی ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەوەی جێگە دلخۆشیە لەنێو ئەو وەرگیراوانەدا هەشت کاندید لە رەگەزی کچن، کە ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە کچانی ئەم گوندە شانبەشانی پیاوان دەتوانن هەوڵ بدەن و کۆل نەدەن بگەن بە ئامانجەکانیان و لە داهاتوودا ڕۆلیان لە بەرەپێشبردنی کۆمەڵگەدا هەبێت".

ئەو پالێوراوە ئەوەشی خستە ڕوو: "ساڵی (٢٠١٦ -٢٠١٧) لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە ئەوکاتیش ٢١ کەسی خەڵکی ئەو گوندە لە ماستەر و دکتۆرا وەرگیران، کە ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ئەم گوندە لە بواری زانستیدا لە پیشەنگ بووندایە. گوندی باڵەکیان، گوندێکە سەر بە قەزای سۆران لە پارێزگای هەولێر، لە ساڵی ١٩٥٥ قوتابخانە لە گوندەکەیان کراوەتەوە، هەروەها ئێستا ئەو گوندە خاوەنی نزیکەی (100) لە هەڵگرانی بروانامەی ماستەر و دکتۆران کە لەنێویاندا پلەی زانتسییان پلەی پرۆفیسۆرە و نزیکەی (1000) هەزار بڕوانامەی دبلۆم و بەکالۆریۆسیان هەیە، کە لە بوارە جیاجیاکاندا خزمەتی کوردستان دەکەن.











باسنيوز


Top