سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان: ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کابینەی داهاتووی عێراق
رۆژی چوارشه‌ممه 4-3-2020 به سه‌رپه‌رشتیی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و به ئاماده‌بوونی جێگرانی سه‌رۆك، كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی لایه‌نه سیاسییه كوردستانییەکانی به‌شدار له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له هه‌ولێر، ئه‌نجامدرا و كۆبوونه‌وەکە تایبه‌ت بووە به هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی سیاسیی عێراق دوای سه‌رنه‌كه‌وتنی هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی فیدراڵی عێراق و هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، سوپاسی لایه‌نه سیاسییه‌كان و فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی كرد بۆ يه‌كهه‌ڵوێستییان له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخی ئێستای عێراقدا و جه‌ختیشى له‌وه كرده‌وه كه "پارێزگاری له‌م یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستییه بكرێت و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی کوردستانیش وه‌ك چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه كوردستانییه‌كان، له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌رك و مافه‌كان پشتگیر و پارێزه‌ری ئه‌م يه‌كڕيزى و يه‌كهه‌ڵوێستييه ده‌بێت".
لە كۆبوونه‌وەکەدا جه‌خت له‌سه‌ر په‌رۆشیی هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراق كرایەوە و هه‌موو هاوكاری و پشتگیرییه‌كی بۆ هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ری و ده‌ربازكردنی عێراق له كێشه و قه‌یرانه‌كان له چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا و له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شیی راسته‌قینه و دابینكردنی مافی هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق، كرده‌وه.
هەروەها دووپاتكرایه‌وه كه لایه‌نه كوردستانییه‌كان وه‌ك هه‌میشه به‌شێك ده‌بن له چاره‌سه‌ر و له‌م پێناوه‌دا هه‌موو توانايه‌ك ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ، هه‌روه‌ها هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان ئاماده‌یيی خۆیان دووپات كردووەتەوە بۆ چوونه‌ناو پرۆسه‌ی گفتوگۆیه‌كی گشتگيرى نیشتمانیانه بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتوو به شێوه‌یه‌ك وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى داوا ره‌واكانى تێكڕاى گه‌لى عێراق بێت، تواناى چاره‌سه‌ركردنى كێشه و قه‌يرانه‌كانى وڵاتى هه‌بێت، ببێته مايه‌ى ره‌زامه‌نديى ته‌واوى پێكهاته‌كانى عێراق و مافه ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان دابين بكات.
دڵشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکداراگەیاند: ""ئێمە پەیامێکی روونمان هەیە، ئەویش ئەوەیە ئێمە مامەڵە لەگەڵ هەڵسەنگاندنی کەسەکان ناکەین، بەڵكو چۆن بتوانرێت مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان گەرەنتی بکرێن، قەوارەی دەستووری و یاسایی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت، ئەمانە تەنها دوو بنەمای سەرەکی و جێگری ئێمە بووە، کە هەستکرا ئەمانە بەرجەستە نابن، بڕیاردرا سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان بە یەکەوە ئەو هەڵوێستەیان هەبێت، بۆیە هەڵوێستی یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنەکان لە بەغدا زۆر بەئیجابی هەڵسەنگێندرا".
راوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەنگاوەکانی ئێمە بۆ پێکهێنانی حکومەت لە ئاییندە کرا، تەئکید لەسەر ئەو بنەما جێگیرانەی هەرێمی کوردستان کرایەوە، هاوکات تەئکید لەسەر ئەوە کرایەوە کە هەرێمی کوردستان خۆی بە خاوەنی کێشەکانی عێراق دەزانێت، تاوەکو کێشە بنەڕەتییەکانی عێراق چارەسەر نەبن و داخوازییەکانی خەڵکی عێراق بەدی نەیێت، ئەو کاندیدەی لە ماوەی ئاییندەدا رادەسپێردرێت بە دەنگەوەهاتنی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی عێراق نەبێت، بێگومان کێشەکانی کوردستانیش چارەسەر نابن".
