بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی تەندروستی داوا دەکات نوێژی هەینی رابگیرێت

بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی تەندروستی داوا دەکات نوێژی هەینی رابگیرێت
بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی تەندروستی داوا دەکات نوێژی هەینی رابگیرێت، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانیش داوا دەکات هەموو بۆنە زانستی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئاینی و خێزانییەکان رابگیرێن.

د. خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە "هەموو گردبوونەوە و قەرەباڵخییەک جێی مەترسییە و پێویستە خۆمانی لێ بەدووربگرین، بەتایبەت لە شوێنی داخراو، بۆ نوێژی هەینیش هەمان مەترسی هەیە لەسەر ژیانی ئەو موسڵمانانەی ئامادە دەبن"، داواش دەکات کە نوێژی هەینی رابگیرێت.

لەلایەکی دیکەوە د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی داوای ڕاگرتنی هەموو بۆنە زانستی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئاینی و خێزانییەکان دەکات وەکو "کۆنفرانس و سیمپۆزیۆمی زانستی، کۆنفرانس و کۆبوونەوەی حزبی و فکری، خولەکانی فێربوون، خۆپێشاندان و گردبوونەوە، پرسە و ماتەمینی، ئاهەنگگێڕان و ئەرکە ئایینییەکان بەشێوەی کۆمەڵ".

بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی تەندروستی دەڵێت "دەستنوێژ شووشتن دەکرێت دەستەکانت پاکژ بکاتەوە، بەڵام لەگەڵ یەکەم بەرکەوتنی دەستت بە هەر شتێکی دیکە، تەنانەت بەرماڵ و زەوییەکەی پێشت، دەکرێت دووبارە بە ڤایرۆسەکە پیس ببێتەوە و ئەگەر بۆ دەم، لووت و چاوتی ببەیت ئەوا ڤایرۆسەکە بۆ خۆت دەگوازیتەوە".

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی داواش دەکات، میکانیزمێکی گونجاو دابنرێت بۆ کەمکردنەوەی سەردانکردن و رۆتین لە دامودەزگا حکومییەکان کە قەرەباڵغی کەمبکرێتەوە، بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاونیشتیمانیان و سەردانی شوێنە قەرەباڵخەکان نەکەن لەکاتی زۆر پێویستدا نەبێت، بەتایبەتی ناو بازاڕە قەرەباڵخەکان، ئاماژەی بەوەش کردووە "دووری نێوان دوو کەس یەک مەتر کەمتر نەبێت".

د. خاڵس قادر باسی لەوەش کردووە "کێشەکە لە گردبوونەوەی خەڵک لەوەدایە، کەس نازانێت و دڵنیا نییە لەوەی ئاخۆ کەسێک یان چەند کەسێک نەخۆشن و ئامادەی ئەو کۆبوونەوە بوون لە ماوەی یەک چارەک، تێکەڵبوونی هەناسەکان و کۆکە و پژمین ڕوودەدات و پروشکەکان دەپرژێن و ڕاستەوخۆ لەلایەن ئامادەبووان هەڵدەمژرێن، یاخود دەکەوێتە سەر دەست و جلوبەرگ و زەوی و کەلوپەلەکان و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ شوێن و کەسانی دیکەی وەک ماڵ، منداڵ، خێزان و کەسانی دیکە لەڕێگەی تەوقەکردن و بەرکەوتن".

تاوەکو ئێستا لە عێراقدا 32 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە تەنیا پێنج کەسیان لە هەرێمی کوردستانن کە لە سلێمانین، سەرجەم ئەو پێنج کەسە لە ئێرانەوە گەڕابوونەوە و لە کەرەنتینەدا بوون و دوای پشکنین دەرکەوتووە کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەبارەی تەندروستییانەوە گوتی "تەندروستییان زۆر باشە".

لە هەموو جیهان تاوەکو ئێستا 92 هەزار و 312 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، سێ هەزار و 131 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، 48 هەزار و 190 کەسیش چاکبوونەتەوە.
Top