گەردەلوول لە "کوردستانی بچووک" لە ئەمریکا 19 کەس دەکوژێت
میدیاکانی ئەمریکا گەردەلوولەکەیان بە گەردەلوولێکی بەهێز و مەرگەساتبار ناوبردووە و بووەتە هۆی تێکدان و وێرانکردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە خانوو.
شاری ناشڤیڵ سەر بە ویلایەتی تێنەسی ئەمریکایە، پارێزگاری ویلایەتەکەش باری لەناکاوی لە ویلایەتەکە راگەیاندووە و دەشڵێ "پەیوەندیم بە کۆشکی سپییەوە کردووە و داوای هاوکاریم کردووە".
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی پۆلیسی تێنەسی، لە ئاکامی گەردەلوولەکە زیاتر لە 40 ماڵ وێرانبوون، دەیان درەختی سەر شەقامەکان شکاونەتەوە و زیانیش بە وێستگەکانی دابینکردنی وزەی کارەبا گەیشتووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی گەردەلوولەکەوە لە توویتەر نزای بۆ ئەو کەسانە کردووە کە زیانیان بەرکەوتووە و دەڵێ "چاودێریی دۆخەکە دەکەین و حکومەت لەم کاتە سەختەدا لەگەڵتانە".
لەدوای گەردەلوولەکەی 3ی ئاداری 2019 لە ئەلاباما کە بەهۆیەوە 23 کەس گیانیان لەدەستدا، گەردەلوولەکەی ناشڤیڵ دەبێتە مەرگەساتبارترین گەردەلوول کە لەماوەی ساڵی رابردوودا لە ئەمریکا روویدابێت.
لە شاری ناشڤیڵ ژمارەیەکی زۆر کورد دەژین، بەم هۆیەشەوە بە "کوردستانی بچووک" ناوی دەرکردووە. بەپێی هەندێک ئامار، نزیکەی 15 هەزار دانیشتووی شارەکە کوردن.
