مەسرور بارزانی پێشوازی لە یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد

مەسرور بارزانی پێشوازی لە یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد
ئەمڕۆ سێشەممە 2020/3/3، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە لە ئيداما دیانگ، یاریدەدەر و راوێژکاری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رێگریکردن لە جینۆساید و کەریم ئەسعەد ئەحمەد خان، سەرۆکی تیمی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش پێکهاتبوون.

لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگریکردن لە جێنۆساید و کۆمەڵکوژییەکان و بەتایبەتی تاوانەکانی داعش کرایەوە. هەروەها گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان کرا بۆ بە دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعش و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە لە دادگایەکی نێودەولەتیدا بە سزای یاسایی بگەن و مافی قوربانییەکانی دەستی تاوانەکانی داعش بپارێزرێت.

شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پاراستنی مافی پێکهاتە ئایینییە جیاوازەکان و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی لە هەرێمی کوردستاندا.












باسنيوز

Top