وەزیری تەندروستی: تووشبوویەکی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی تۆمارکرا
د. سامان بەرزنجی. وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری نوێی لەبارەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوو 27 گومانلێکراو هەبوون، دوای پشکنین بۆیان، ئەنجامی 25 کەسیان نێگەتیڤ بوو (واتە تووشی کۆرۆنا نەبوونە)، بەڵام تەنها یەک کەسی دیکە کە لە هەمان خانەوادەی رۆژی رابردووە، دەرکەوت هەڵگری ڤایرۆسەکەیە. ئەوەش بووە پێنجەم کەس لە هەرێمی کوردستان کە تووشی کۆرۆنا بوون.
لەبارەی ژمارەی کەرەنتینکراوان لە 24 کاژێری رابردوو، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 184 کەس کەرەنتین کراون، کۆی گشتیی ئەوانەی کەرەنتینکراون دوو هەزار و 484 کەسن و لە 27 شوێنی جیاواز کە تایبەت کراوە کەرەنتین کراون.
د. سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵگرانی ئەو ڤایرۆسە لە تەندروستییەکی باشدان و ئێستا لە نەخۆشخانەی تایبەت خەوێندراون.
بە گوتەی وەزیری تەندروستی تاوەکو ئێستا 89 کەس بە گومانی تووشبوون بە کۆرۆنا پشکنینی بۆ کراوە، لەوانەش تەنها پێنج کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون. هاوکات داوای تووندوتۆڵکترکردنی رێکارەکانیشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد تاوەکو رێگری لە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بگیرێت.
وەزیری تەندروستی داوای لە هاونیشتمانییان کرد بەشێوەیەکی باشتر رێکارەکانی خۆپارێزی پەیڕەو بکەن، "دەمەوێت لێرەوە رووی بانگەوازمان بکەینە هاووڵاتییان.. پێویستە تووندوتۆڵتر و زیاتر هۆکارەکانی پاکوخاوێنی بەکاربهێنن، بەتایبەتی لەدەستکردنی دەستکێش و لەدەمکردنی دەمامک لەکاتی پێشکێشکردنی خواردن".
لەبارەی ئەو هاونیشتمانییانەی کە گەشت دەکەن، داوای لە هاونیشتمانییان کرد دەمامک ببەستن لەنێو فڕۆکە و فڕۆکەخانە، "تاوەکو دەکرێت لێکدووربکەونەوە بەتایبەتی لەکاتی کۆکە و پژمە".
ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستێکی نوێی مووچەی راگەیاند، وەزیری تەندروستی داوای لەو کەسانە کرد کە مووچە وەردەگرن دوور بکەونەوە لە قەرەباڵخی و پاڵەپەستۆ.
