خوێندنی باڵا: ئەوانەی لە ئێران دەخوێنن و کەرەنتینە نەکراون رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر
بەپێی فەرمانەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە واژۆی د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵای لەسەرە و بە ژمارە 306 لە 1-3-2020 دەرچووە "ئەو خوێندکارانەی لە ئێران دەخوێنن و گەڕاونەتەوە یان دەگەڕێنەوە پێویستە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان و کەرەنتینە بن، بە پێچەوانەوە لە داهاتوودا لەکاتی یەکسانکردنی بڕوانامەکانیان، وەزارەتی خوێندنی باڵا رێکای یاساییان بەرامبەر دەگرێتەبەر بۆ مەبەستی مۆڵەت و ئەژمارکردنی ماوەی یاسایی و پەسندکردنی بڕوانامەکانیان".
ئەو فەرمانە وەزاریەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەکاتێکدایە، رۆژی 29-2-2020 ئاراس بلباس، نوێنەری خوێندکارە کوردەکان لە ئێران راگەیاند "بەهۆی پرسی ڤایرۆسی کۆرۆناوە 750 خوێندکاری هەرێمی کورستان لە ئێران گیریانخواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە".
نوێنەری خوێندکارە کوردەکان لە ئێران گوتیشی "پێشتر بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەشت بۆ نۆ هەزار خوێندکاری هەرێمی کوردستان گەڕاونەتەوە کە لە زانکۆکانی ئێران دەیانخوێند و کەرەنتینە نەکراون، بەهۆی ئەوەی پێشتر ئەو رێوشوێنانە لە دەروازەکاندا نەبووە".
ئاراس بلباس باسی لەوەش کرد، لە ماوەی ئەم چوار ساڵەی دواییدا 66 هەزار خوێندکاری کورد، عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە پەیوەندییان پێیانەوە کردووە بۆ خوێندن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ئێران کە لە 90٪یان خەڵکی هەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراقن.
