لە هەولێر سەردانیکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانە حکومی و ئەهلییەکان قەدەخەدەکرێت

لە هەولێر سەردانیکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانە حکومی و ئەهلییەکان قەدەخەدەکرێت
بۆ پێشتگیرکردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاردرا سەردانیکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانە حکومی و ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر قەدەخە بکرێت. هەروەها شوێنی هۆڵی وەرزشکردن، مەلەوانگە، مەساج، گەرماوی گشتی و سینەما، تاوەکو 10-3-2020 بە شێوەیەکی کاتی دادەخرێن.

ئەمڕۆ شەممە 29-02-2020 د.فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا بە ئامادەبوونی د.عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ قایمقامی قەزای ناوەند، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان، پۆلیس، زێرەڤانی و سەرجەم بەڕێوەبەرانی شارەوانییەکان و فەرمانگەکانی دیکەی هەولێر سازکرد.

بەپێی راگەیێندراوێکی پارێزگای هەولێر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پابەندبوون و جێبەجێکردنی سەرجەم بڕیارەکانی کۆبوونەوەی پێشووتری رۆژی 26-02-2020 پارێزگای هەولێر کرایەوە کە تایبەت بوون بە رێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆرۆنا، پاشان کۆبوونەوە ئەم بڕیارانەی خوارەوەی پەسندکرد:

1. سەبارەت بەو کافتریا و شوێنانەی نێرگەلەی تێدا دەکێشرێت، دەبێت دەست بە ئیجرائات بکرێت و نێرگەلەکان دەست بەسەر دابگرین و تەلەف بکرێن، ئەگەر هەر شوێنێکیش دووبارە سەرپێچی کرد ئەوە شوێنەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک دابخرێت.

2. سەبارەت بە جگەرەکێشان لە شوێنە داخراوەکان، جگەرەی ئەلیکترۆنی، یاسای ژمارە 31ی ساڵی 2007ی پەرلەمانی کوردستان جێبەجێدەکرێت و قەدەخەیە.

3. شوێنی هۆڵی وەرزشکردن و مەلەوانگە و مەساج و گەرماوی گشتی و سینەما، تاوەکو 2020.3.10 بە شێوەیەکی کاتی دادەخرێن، ئەگەر پێویستی کرد بڕیارەکە درێژ دەکرێتەوە.

4. دەبێت سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان لێژنەیەک پێکبهێنن بە سەرۆکایەتی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان و ئەندامیەتی هەریەک لە (تەندروستی سنوورەکانیان و شارەوانییەکان و پۆلیس و لێژنەی چاودێری بازاڕ و ڤێترنەری، ئەگەر هەبێت هۆبەی گشتوگوزار، قایمقام لەسەر ئاستی قەزا سەرپەرشتی دەکات، سەرەڕایی سنووری قایمقامیەتەکەی) لەکاتی پابەندنەبوونی هەر شوێنێکی ئاماژە پێکراو دەستبەجێ ئیجرائاتی پێویست وەربگیرێت.

5. لێژنەی باڵای پارێزگای هەولێر راسپێردران لە هەولێر و تەواوی قەزا و ناحییەکان ئەو شوێنانەی کە هاووڵاتیانی تێدا (کەرەنتین) کراوە و لەژێرچاودێری تەندروستیدان، سەردان بکەن و هەر شوێنێک گونجاو نەبوو بۆیان، یان کەموکوڕی هەبوو، دەستبەجێ جێگاکانیان بگۆڕن و لە شوێنێکی شایستەتر و گونجاوتر دابنرێن.

6. لەسەرجەم بازگەکانی سنووری هەولێر لەگەڵ موسڵ و کەرکووک و مەخموور، تیمی تەندروستی و پێداویستی پشکنین دابینکراوە، دەبێت ئەم تیمانە بەردەوام بن لەو بازگانە و رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر.

7. لەلایەن شارەوانییەکان و دەستەی گەشتوگوزار و تیمەکانی چاودێری تەندروستی لە پێناو خۆپارێزی لەم نەخۆشییە و پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیان، بەوردیی و بە چڕی چاودێری پاکوخاوێنی بازاڕ و رێستورانت و چێشتخانە و هوتێل و موتێل و شوێنە گشتیەکان دەکرێت، هەر کەسێک بیەوێت بازاڕ قورخ بکات و نرخی کاڵا و کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتیان گران بکات رێکاری یاسایی تووندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

8. بەهەموو شێوەیەک سەردانیکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانە حکومی و ئەهلییەکان قەدەخەیە و رێگە نادرێت هیچ کەس سەردانی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان بکات، هەروەها نەخۆش نابێت لەیەک یاوەر زیاتری لەگەڵ بێت.
Top