عەلی ڕەشید: خاڵەکانی پشکنین لەگەڵ شارەکانی خوارووی عێراق بە توندوتۆڵی کۆنترۆڵ دەکرێن
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20202.2.27 عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا گوتی: "ئێمە دەبێ وێڕای ڕەچاوکردنی هەموو مەرجە تەندروستییەکان، بۆ پێشگیری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام هەموو ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانەی لە ئێران و شارەکانی دیکەی عێراقەوە دێن، پلان و بەرنامەی باشمان داناوە هەتا ڕێکاری توندوتۆڵ بگرینە بەر بۆ ئەوەی هەم تەندروستیمان بپارێزین و هەمیش جۆرێک نەبێت کاریگەریی لەسەر نەهاتنی کاڵا و خۆراک و بەنزین دابنێ و شتومەک گران ببێت".
ئاماژەی بەوەش دا: "گرفت تەنیا دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران نییە، بەڵکوو خاڵەکانی پشکنین نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراق، خاڵی مەخموور، خاڵی نێوان تەقتەق کۆیە، خاڵی هەولێر مووسڵ و هەولێر بۆ کەرکووک، قسەیان لەبارەوە کردووە کە تیمی تەندروستی لەو شوێنانە ئامادە بن، چونکە چەند حاڵەتێک لە نەجەف هەبوون، بۆیە دەبێ پێشیان پێ بگیرێ، هەتا نەگوازرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان".
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ڕاشی گەیاند: "بۆیە هەموو دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە وردەکاری و هەمەلایەن هەموو دەزگاکان کەوتوونە کار لە پایتەختی هەرێمی کوردستان و داخستن و پشووی قوتابخانەکانیش هەر لە ڕاستای خۆپارێزی و پاراستنی سەلامەتییە و هاوکات وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیش لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی و ئەوقافی قەزاکان کۆبوونەوەی هەبووە کە چۆن لەگەڵ کۆبوونەوە ئایینی و خوتبەکانی هەینی ماماڵە بکرێت".
هاوکات عەلی ڕەشید، باسی لەوەش کرد: "هەنگاوێکی دیکە لە ڕیزی بڕیارەکانی پارێزگایە لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان، ئەوەیە کە کێشان و بەکارهێنانی نێرگەلە لە کافەتریا و شوێنە گشتییەکان قەدەغە کرا و بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەش ئاگاداری قایمقام و قەزار و ناحیەکان و هەموو لایەنە پەیوەنیدارەکان کراونەتەوە".
باسنیوز
