محەمەد ئەمین فارس: پێش دەست پێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان فراکسیۆنە کوردستانییەکان بڕیاری کۆتایی دەدەن

 محەمەد ئەمین فارس:  پێش دەست پێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان فراکسیۆنە کوردستانییەکان بڕیاری کۆتایی دەدەن


بەپێی ئەو بانگهێشتنامەیەی بۆ پەرلەمانتاران نێردراوە، کاتژمێر ١ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٠، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی متمانەدان بە کابینەکەی محەمەد تۆفیق عەلاوی بەڕێوە دەچێت.

محەمەد ئەمین فارس، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، کەمێکی دیکە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی و ئابووریی عێراق کۆدەبێتەوە، بە مەبەستی گفتگۆکردن لەبارەی دوایین ھەڵوێست لەسەر متمانەدان بە عەلاوی.

ڕوونیشی کردەوە، لەنێو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراقدا گفتوگۆ لەسەر متمانەدان بە کابینەکەی حکوومەتی عێراق بەردەوامە و ”تائێستا فراکسیۆنەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هەرچەندە بڕیارە کۆبوونەوەکە کاتژمێر ١ی پاش نیوەڕۆ بەڕێوە بچێت، بەڵام ”پێشبینی دەکەم، بۆ چەند کاتژمێرێک کۆبوونەوەکە دوا بخرێت، تا فراکسیۆنەکان لەسەر متمانەدان بە کابینەکەی عەلاوی ڕێک بکەون“.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی باسی لەوە کرد، گفتوگۆی نێوان فراکسێۆنە کوردستانییەکان بەردەوامە، پێش دەست پێکردنی کۆبوونەوەکە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆدەبنەوە و دوا بڕیار پێکەوە لە بارەی متمانەدان یان متمانەنەدان بە کابینەکە دەدەین، ”بڕیارەکەشمان بە یەکگرتوویی دەبێت“.











باسنیوز
Top