سەرکردەیەکی سوننە: بەبێ رازیبوونی کورد دەنگ بە کابینەکەی عەللاوی نادەین
سەرکردەیەکی باڵای سوننەمەزهەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە بەبێ رازیبوونی کورد، ئەوان دەنگ بە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق نادەن.
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی پرۆژەی عەرەبی (سوننەمەزهەب) لە بەرنامەیەکی کەناڵی (سۆمەرییە نیوز)، رایگەیاندووە، بنەماکانی یارییە سیاسییەکەی محەمەد عەللاوی کێشەیان تێدایە.
خەمیس خەنجەر پێی وایە زەحمەتە کابینەکەی محەمەد عەللاوی متمانەی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، چونکە ئەوانەی پاڵپشتیی عەللاویشیان دەکرد، ئیستا ناکۆکییان تێکەوتووە.
ئەو سەرکردە عێراقییە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بەبێ بەشداریی کورد و سوننە ئەو حکوومەتە دروست نابێ و ئەوان وەک پەرلەمانتارای سوننە ”بەبێ رەزامەندیی کورد لەسەر کابینەکە“، دەنگی پێنادەن.
خەمیس خەنجەر پێی وایە محەمەد عەللاوی هەوڵ دەدا هەمان هەڵەی حەیدەر عەبادی بە پشتگوێخستنی کورد دووبارە بکاتەوە و ”بوونی عێراق دەخاتە مەترسییەوە“.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-2-2020 پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و تێیدا دەنگ بە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد عەللاوی، بدات.
شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.
عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
یاسنیوز
