مەسرور بارزانی: نەخۆشخانەی تایبەت بە چارهسهرى کۆرۆنا لە هەموو شارەکان تەرخان کراوە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی رای گەیاند، نەخۆشخانەی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە.
کەمێک لەمەوبەر (٢٧ی شوباتی ٢٠٢٠)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاش بەسەرکردنەوەی (سەنتەری چارەسەری کۆرۆنا) لە شاری هەولێر، بە میدیاکانی راگەیاند: ”هاتین دڵنیابین بزانین ئامادەکاریی پێویست کراون یان نا، سوپاسی وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و پزیشک و فەرمانبەران دەکەم کە ئەم نەخۆشخانەیەیان بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو ئامادە کراوە و ئەم جۆرە نەخۆشخانەیەش لە هەموو شارەکاندا هەیە“.
ڕوونیشی کردەوە: ”چەندین کۆبوونەوەمان کردووە بۆ ئامادەکاریی رووبەرووبوونەوەی ئەم پەتایە، دەبێ گوێ لە ڕێنمایی پزیشکان بگرین، لەوانەیە پەتایەکی وەرزی بێت و هیوادارین زوو چارەسەر بدۆزرێتەوە، لە هەمان کاتدا هیوادارین خەڵک خۆیان و کەسوکاریان و هاووڵاتییانیان بپارێزن، داوا لە هاووڵاتیان دەکەین ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ جێبەجێ بکەن“.
دووپاتیشی کردەوە: ”ئەوەی بە منیان گوتووە، تائێستا هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو نییە، بەڵام دەوروبەری ئێمە چەندین حاڵەت وەک دەزانن لە وڵاتانی دەوروبەر و خوارووی عێراقیشەوە هەیە، بۆیە پێویستە ئەو ئامادەکارییە بکرێت، ئەوەی دیاریشە لە هەرێمی کوردستاندا لەوانەیە ئامادەکارییەکان زۆر لەپێش وڵاتانی ناوچەکە بن، ئەمەش جێی دەستخۆشییە“.
مەسرور بارزانی داوای لە خەڵکی کوردستان کرد، لەگەڵ ستافی پزیشکی هاوکار بن و خۆیان و کەسوکار و خەڵکی دیکەش بپارێزن.
هاوکات داوای لە بازرگان و دوکانداران کرد، ”بە هەستێکی باڵای بەرپرسیارییەوە رەفتار بکەن، ئەوەی پێویستە بۆ خەڵکی دابین بکەن و نرخی دەرمان و پێویستییەکان زیاد نەکەن. هیوادارم هەموو خەڵکی کوردستان سەلامەت بن“.
