هێمن هەورامی: پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆک بارزانیمان گەیاندە گەلی میسر
لەمبارەوە هێمن هەورامی، ئەمڕۆ چوارشەممە 2020.2.26 لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە: "بە نوێنەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی کونسولخانەی میسرمان کرد لە ھەولێر بۆ گەیاندنی پرسە و سەرەخۆشی سەرۆک بارزانی بۆ کۆچی دوایی حوسنی موبارەک سەرۆکی پێشووتری میسر".
حوسنی موبارەک، سەرکۆماری پێشووی میسر، دوێنێ سێشەممە لە تەمەنی 91 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
حوسنی موبارەک پێش لە دەست کێشانەوە لە دەسەڵات، بۆ ماوەی سێ دەیە سەرکۆماری میسر بوو.
موبارەک لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی ناسراو بە (بەهاری عەرەبی) لە ساڵی 2011 لە دەسەڵات لادرا و پاشان زیندانی و دادگایی کرا.
حوسنی موبارەک بە تۆمەتی کوشتنی خۆپیشاندەران بە تاوانبار ناسرا، بەڵام حوکمی زیندانییەکەی لە ئەنجامدا هەڵوەشایەوە و نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر ئازاد کرا.
باسنيوز
