هونەرمەندێکی ناسراوی کورد کۆچی دوایی کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی شوباتی 2020، سەعید یوسف کە هونەرمەندێکی ناسراوی کوردی ڕۆژئاوای کوردستانە، لە نەخۆشخانەی (ئاڤراسیا) لە شاری ئیستەنبۆڵ کۆچی دوایی کرد.
ئەو هونەرمەندە کوردە، زیاتر لە ٦ مانگە لە نەخۆشخانەکانی ئیستەنبۆڵ بەدەست نەخۆشیی شێرپەنجەوە دەناڵێنێت.
سەعید یوسف، خەڵکی شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستانە و لە 1947 لەدایک بووە. سەدان کاسێت و سەدان گۆرانی بە شێوەزاری کورمانجی تۆمار کردووە و لە ڕۆژئاوای کوردستان بە (میرى ژەنین) ناوبانگی دەرکردووە و لەنێو کوردانی ئەو بەشەی کوردستاندا ناو و دەنگێکی ناسراوی هەیە.
سەعید یوسف لە ژیاندا چەندان خەڵاتی بەدەست هێناوە:
- وێنەی ئەو لەسەر پوولی پۆستە لەلایەن زانکۆی (ئۆپسالا) لە سوێد دانراوە.
- تابلۆیەکی زێڕین لەبارەی ئەو لە لایەن ڕێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دروست کراوە.
- پەیکەری برۆنزیی سەعید یوسف لە لایەن ئەنستیتیۆیەکی میوزیک لە نەرویج دانراوە.
- حکوومەتی تورکیا وەک ڕێزگرتن لە کارە هونەرییەکانی، ڕەگەزنامەی تورکی پێداوە.
- لەگەڵ چەندان خەڵاتی دیکە.
باسنيوز
