وەزارەتی پەروەردە تاقیكردنەوەكانی وەرزی دووەم دوا دەخات

وەزارەتی پەروەردە تاقیكردنەوەكانی وەرزی دووەم دوا دەخات
وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە نووسراوێكدا كە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە و گەرمیانی كردووە بڕیاری داوە بە دواخستنی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی وەرزی دووەم و قەرەبووكردنەوەی 10 ڕۆژی دەوامی خوێندن.

لە نووسراوەكەی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا كە بە ژمارە 1805 لە 26/2/2020 دەرچووە، هاتووە: "دوای پەسەندكردنی پێشنیاری وەزارەتی پەروەردە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەبارەت بە پشووی ناوەندەكانی خوێندن لە 26/2 تا 10/3/2020، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرناوە پشوویە، هەروەها 11 تا 24/3/2020 پشووی بەهارەیە و بە گوێرەی سیستمی قوتابخانە و خوێندنگە بنەڕەتیی و ئامادەییەكانی ساڵی 2009، واتە تەنها 10 ڕۆژی دەوامی خوێندن پێویستی بە قەرەبوو دەبێت".

بەپێی نووسراوەكە "تاقیكردنەوەكانی كۆتایی وەرزی دووەمی پۆلی 12 ی ئامادەیی لە 4/4/2020 دوا دەخرێت بۆ 15/4/2020 و تاقیكردنەوەكانی كۆتایی وەرزی دووەمی پۆلە ناكۆتاكان لە 9/5/2020 دوا دەخرێت بۆ 12/5/2020 و تاقیكردنەوەی نیشتمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی لە 1/6/2020 دوا دەخرێت بۆ 6/6/2020 و ئەزموونە گشتییەكانی پۆلی 12 ی ئامادەیی لە 2/6/2020 دوا دەخرێت بۆ 7/6/2020".

لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوەش دراوە: "قوتابخانە و پەیمانگە ناحكوومییەكان پشووە ڕاگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی وەزیران جێبەجێ دەكەن تا 24/3/2020 و لەبەر ڕۆشنایی سیستم و شێوازی تاقیكردنەوەكانی خۆیان خشتەی خۆیان ڕێك دەخەنەوە بە مەرجێك پاش 24/3/2020 بێت".













باسنيوز


Top