کەنعان خەیلانی: جێگرێکی پارێزگاری هەولێر و قایمقامی کۆیە هەڵبژێردران

کەنعان خەیلانی: جێگرێکی پارێزگاری هەولێر و قایمقامی کۆیە هەڵبژێردران
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رای گەیاند، جێگرێکی پارێزگاری هەولێر و قایمقامی کۆیە لە دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٠ی ئەنجوومەنەکەیان هەڵبژێردراون.

کەمێک لەمەوبەر، کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رايگەیاند، لەسەر داوای پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ ئەنجوومەنەکەیان کۆبووەتەوە و تێیدا هەریەک لە مەسعود کاڕەش وەک جێگری پارێزگاری هەولێر بۆ کاروباری هونەری و یوسف حەسەن وەک قایمقامی کۆیە هەڵبژێردراون.

ڕوونیشی کردەوە کە نووسراوێک لەمبارەیەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرز دەکەنەوە و پۆستەکان بە تەواوەتی جێگیر دەکرێن.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جەختی کردەوە کە ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و بڕیاریشە لە داهاتوودا بۆ پۆستەکانی بەڕێوەبەری گشتی و ژمارەیەک قایمقامیەت بەردەوام بێت. گوتیشی: ”ئێمە وەکوو فراکسیۆنی پارتی کەسانی بەتوانا و پاک کاندید دەکەین“.

هەر لەم لێدوانەیدا کەنعان خەیلانی رای گەیاند: ”پێشنیازمان کردووە بەیانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجام بدەین. ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەتەوە و تەوەرێکی گرنگی بابەتەکەی لەسەر کۆرۆنا بووە. لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێریش، لێژنەی تەندروستی و لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و لێژنەی پەروەردە سێ راپۆرت ئامادە دەکەن و دەیخەنە بەردەم کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنەکە“.

مەسعود کاڕەش بە ٢٧ دەنگ و یوسف حەسەنیش بە ٢٦ دەنگی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بۆ پۆستەکانیان هەڵبژێردراون.











باسنيوز


Top