د.سامان بەرزنجی: هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان نییە

 د.سامان بەرزنجی: هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان نییە
د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رای گەیاند، لەگەڵ ئەوەی هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، بەڵام هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتاوە ئامادەکاریی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە کردووە، گوتیشی: ”لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، وەزارەتی تەندروستی پێشنیاری چەند ڕێوشوێنێکی نوێ دەکات، سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوە و رێگری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەردەوامیش لەسەر خەتین بۆ رێگری لە پەتاکە و نەگەیشتنی بە هەرێمی کوردستان و خۆپاراستن لێی، لەم کۆبوونەوەیەشدا چەند پێشنیازێک وەکوو رێکاری نوێی پێویست سەبارەت بە خۆپارێزی و ئامادەکاری بۆ ڕێگریکردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامادە کردووە، کە دەیخەینە بەردەم سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بڕیاردان لێی“.

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، رێوشوێنەکان زۆرن و سات بە سات چاودێریی بڵاوبوونەوەی پەتاکە دەکەین، گوتی: ”بەرپرسانی بەغدا، کە بەردەوام لەگەڵیاندا لەسەر خەتین، بە راشکاوانە نیگەرانییان لە رێوشوێنەکانی خۆیان بۆ ڕێگری لە پەتاکە دەربڕی، کە لە عێراق بەپێی پێویست نەکراوە، دەستخۆشییان لە هەرێمی کوردستان کرد، کە تاوەکوو ئێستا لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێوشوێنەکانی رێگری لە ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا لە باشترین رێکاری پێویستدایە“.

د.سامان بەرزنجی، ئاماژەی بەوەش دا، هەندێ ڕێوشوێن هەیە بڕیاری گەورە و باڵای پێویستە، بۆ نموونە داخستنی سنوور و فڕۆکەخانەکان، لەبەرئەوە دەبێت بڕیارەکان لە ئاستی باڵاش بۆ ڕێگری لەو پەتایە بە بەردەوامی، بەپێی پێویستی دۆخەکە دەربکرێن، گوتیشی: ”دەرکەوتنی حاڵەتی پەتاکە لە عێراق وامان لێ دەکات، رێوشوێنەکان زیاتر بکەین و بارودۆخەکە زیاتر کۆنتڕۆڵ بکەین، ئەوەی گرنگە لای هاووڵاتییان، پابەندی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بن و ئێمەش هەوڵ دەدەین، کە رێگری لە هاتنە ناوەوەی ڤایرۆسەکە بکەین بۆ ناو هەرێمی کوردستان، بۆ هەر بارودۆخێکی دیکەش ئامادەکاریمان کردووە و لەسەر رێوشوێنە پێویستەکان بەردەوامین“.







باسنیوز
Top