گرووپە شانۆییەکەی کەلار بۆ ماوەی ساڵێک لە چالاکی سڕدەکرێت
هەروەها لە فەرمانە کارگێڕییەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، هەر گرووپ یان کەسێک لە سنووری دەسەڵاتیاندا سووکایەتی بەرامبەر پیرۆزییەکانی هاونیشتمانییان بکات، هەمان رێکاری لەگەڵدا دەگیرێتەبەر و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەیدا رێکارەکان تووندتر دەبن.
رۆژانی 22 و 23-02-2020 لە کار و چالاکییەکانی "وەرزی شانۆ لە گەرمیان" بەڕێوەچوون و تێیاندا شانۆگەرییەک بە ناوی "وەرن ببین بە سەگ" نمایشکرا کە هاوکات کاردانەوەی لێکەوتەوە.
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە داواکارینامەیەکدا بۆ وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوادەکات، لێپێچینەوە لەبارەی ئەو شانۆگەرییەوە بکرێت کە لە گەرمیان پێشکەشکرا و ئاماژە بەوە دەکات، "تێیدا سووکایەتی بە ئایینی ئیسلام کراوە و سووکایەتیکردن بە ئیسلام و پەیڕەوانی هەر ئایینێکی دیکە رێگەپێدراو نییە".
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام ئاماژە بەوە دەکات، لەو شانۆگەرییەدا "زۆرترین سووکایەتی و قسەی بێڕێزی بەرامبەر بە مینبەر و مزگەوت و مامۆستایانی ئایینی و ئەحکامە شەرعییەکانی ئیسلام کرا".
لە داواکارینامەکەدا هاتووە، "بە تووندی ئیدانەی ئەو سووکایەتییانە دەکەین، چونکە سووکایەتی بە ئیسلام و هەر ئایینێکی دیکەی ئاسمانی رێگەپێدراو نییە".
یەکێتیی زانایان باس لەوە دەکات، "ئەم جۆرە هەنگاوانە هیچ جۆرە خزمەتێک پێشکەشناکەن و مەترسیی زۆریشی بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان هەیە".
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان داوا دەکات، لێپێچینەوەی پێویست لەو بارەیەوە بکرێت و رێگری لەو جۆرە کارانە بکرێت کە پێچەوانەی شەریعەت، یاسا، بەها و نەریتی رەسەن و هەستی ئایینداریی هاونیشتمانییانی کوردستانن.
