بەدواداچوون دەکرێت بۆ ئەو دەرمانخانانەی نرخی ماسکیان بەرزکردووەتەوە

بەدواداچوون دەکرێت بۆ ئەو دەرمانخانانەی نرخی ماسکیان بەرزکردووەتەوە
لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە بەدواداچوون بکرێت بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ماسک لە دەرمانخانەکانی باشووری کوردستان.

قایمەقامی قەزای ناوەندی هەولێر لەگەڵ تیمێکی وەزارەتی تەندروستی بەدواداچوون بۆ ئەو دەرمانخانانە دەکەن کە نرخی ماسکیان بەرزکردووەتەوە، نەبەز عەبدولحەمید، قایمەقامی قەزای ناوەندی هەولێر دەڵێت، "لە شەقامی پزیشکانەوە دەستیانپێکردووە لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو دەرمانخانانە دەکەن کە نرخی ماسکیان بەرزکردووەتەوە."

نەبەز عەبدولحەمید روونیدەکاتەوە، رێگەنادەن هیچ کەسێک ئەمە بە دەرفەت بقۆزێتەوە و کاری بازرگانی پێبکات، دوای راسپاردەکانی لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەدواداچوون و لێپرسینەوەکانیان بەردەوام دەبن لە سەرتاسەری باشووری کوردستان.

قایمەقامی ناوەندی هەولێر داوادەکات خەڵکی نەترسێن و تووشی دڵەراوکێ نەبن، چونکە هەموو رێوشوێنەکان بۆ رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسەکە گیراونەتەبەر.
Top