سامان بەرزنجی: هیچ حاڵەتێکی گومانلێکراوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان نییە
کەمێک لەمەوبەر و لە پرێس کۆنفرانسێکدا کە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و گوتەبێژی فەرمیی حکوومەت ئەنجامیان دا، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاند، هیچ حاڵەتێکی گومانلێکراوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستاندا نییە.
ڕوونیشی کردەوە، ڕێکارەکانیان ماوەی سێ هەفتەیە دەستی پێکردووە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق و ئێستا ترسناکییەکە تەنیا لەو گەشتیارانەیە کە لە وڵاتانی دەرەوە دەگەڕێنەوە، بۆیە هاوشێوەی وڵاتانی دونیا، گەشتیاران جیا دەکەنەوە.
باسیشی لەوە کرد کە کۆمەڵێک ڕێنمایی بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی لەنێو خەڵکیدا بڵاو کراوەتەوە و داوای لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد، پابەندی ڕێنماییەکان بن.
سامان بەرزنجی ڕوونی کردەوە: ”ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەسەر هێڵە بەردەوام و ڕێکخستنێکی نێودەوڵەتی بۆ بابەتەکانی تەندروستی دەکات، ڕێکارەکان و دابینکردنی بودجە و وردەکارییەکانی دیکە، لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت“.
ئەوەشی دووپات کردەوە: ”ئێمە پلانی ئەی و بی و سیمان هەیە، هیچ نەخۆش و گومانلێکراوێک لە هەرێمی کوردستان بۆ نەخۆشیی کۆرۆنا نییە، بەڵام ئێمە لەگەڵ دەوڵەتێکدا دراوسێین کە چەندین سنووری لەگەڵ عێراق هەیە و گەشتیار و جووڵەیەکی زۆری هەیە، نەک هەر لە ڕووی خۆپارێزی، لە ڕووی چارەسەریش ئامادەکاری دەکەین“.
باسنيوز
