د. بەشیر حەداد: دەبێت پێش 48 کاتژمێر عەلاوی کارنامەی کابینەکەی رەوانە بکات
بەشیر حەداد، جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەنی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەشکرد، بە گوێرەی یاسا دەبێت بەر لە 48 کاتژمێر سەرۆک وەزیران کارنامەی حکومەت و کاندیدی وەزارەتەکان بۆ پەرلەمان بنێرێت، دواتر سەرۆکی پەرلەمان لیژنەیەکی پێداچونەوەی تایبەت بە کارنامەی حکومەت بە سەرپەرشتی یەکێک لە جێگرەکانی پێکدەهێنێت.
دوای پێداچونەوە بە کارنامەی حکومەت، پەرلەمان وادەی کۆبونەوەکە دیاریدەکات
رونیشیکردەوە، دوای ئەوەی لیژنەکە راپۆرتی خۆی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق وادەی کۆبونەوەکە دیاریدەکات، بەڵام تائێستا ئەوە نەکراوە بۆیە "پێموایە کۆبونەوەکەی رۆژی دوشەممە ئەنجامنادرێت".
عەلاوی دەڵێت خۆم ناوی وەزیرەکان لە پشکی کورد دیاریدەکەم
لەبارەی داواکارییەکانی کورد لە حکومەتی نوێدا، بەشیر حەداد باسی لەوەکرد، "کورد لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی تاوەکو ئێستا نەگەیشتونەتە رێککەوتن، عەلاوی دەڵێت خۆم ناوی وەزیرەکان لە پشکی کورد دیاریدەکەم، بەڵام ئێمە پێمانوایە دەبێت نوێنەرانی کورد لەرێگەی دامەزراوە فەرمییەکان و سەرۆکایەتی هەرێمەوە دیاریبکرێن".
لەبارەی بڕیاری پەرلەمانیش بۆ دەرچونی هێزە بیانییەکان ئەوەی خستەڕو، "ئەرکی سەرەکی پەرلەمان یاسادانانە، بۆیە بڕیارەکانی پەرلەمان بۆ حکومەت پابەندکارنین و وەکو راسپاردەیەک ئاڕاستەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەکرێن، حکومەتیش هەرکاتێک بە گونجاوی زانی دەتوانێت بڕیارەکە جێبەجێبکات".
خەندان
