وەزیری تەندروستی داوا دەکات سنوورەکانی کوردستان بە رووی هاووڵاتیانی ئێران دابخرێن

وەزیری تەندروستی داوا دەکات سنوورەکانی کوردستان بە رووی هاووڵاتیانی ئێران دابخرێن
دوای ئەوەی وەزارەتی تەندروستی عێراق چەند پێشنیازێکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خستەڕوو، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان داوا لە وەزارەتی نێوخۆ دەکات رێگری لە هاتنەژوورەوەی هەموو ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانە بکرێت کە لە خاڵە سنوورییەکانەوە دێنە هەرێمی کوردستان.

لە نووسراوێکدا کە واژۆی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی کردووە داوا دەکات، ئەو رێگرییە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان نەگرێتەوە کە ئێستا لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، بەمەرجێک پابەندی رێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی بکرێن کە خۆی لە قەرەنتین و چاودێریکردن بۆ ماوەی 14 رۆژ دەبینێتەوە.

هەر لە نووسراوەکەی وەزیری تەندروستیدا هاتووە، رێگری لە گشت هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکرێت لە سەردانیکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوەکو کاتێکی نادیار.

وەزیری تەندروستی ئەو هەوڵەی بە یەکخستنی هەوڵەکان و هاوئاهەنگی لەگەڵ عێراق بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆڤید- 19 (کۆرۆنا) دادەنێت. دەشڵێت ئەوە دوای دڵنیابوون لە تۆمارکردنی شەش حاڵەت بە ڤایرۆسەکە و گیانلەدەستدانی دووان لەو تووشبووانە دێت.


هاوکات د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی راگەیاند، تاوەکو ئێستا وەزیری ناوخۆ وەڵامی داواکەیانی نەداوە.
Top