پۆلیسی هەولێر لەبارەی دۆسیەی منداڵه ههشت ساڵییهكه روونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە
پۆلیسی هەولێر لە روونکردنەوەکەیدا کە تێیدا هاتووە، "دوابەدوای چەند وتەیەكی باوكی کچێکی هەشت ساڵان كە گوایە دەستدرێژیی سێكسی كراوەتە سەر كچەكەی وە لە چەند دەزگایەكی ڕاگەیاندن كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی بۆ ئەنجام درا، كە تیایدا باسی لەوە كردووە، کەوا پۆلیس هەڕەشەی لێ كردووە بۆ تەنازولكردن لە داوا یاساییەكەی، بەڵام ئێمە وەك پۆلیسی هەولێر، لێرەوە سەرلەبەری ئەم بابەتە ڕەت دەكەینەوە كە ئێمە هەڕەشەمان لە هیچ كەسێك کردبێت بۆ تەنازولكردن لە داوا یاساییەكەی، ئەو پەڕاوەشمان كۆتایی پێهێناوە و ڕەوانەی دادگامان كردووە".
هەروەها ئەوەش خراوەتە روو، "لە دەرئەنجامی ئەم داوا یاساییە سێ كەسمان دەستگیر كردووە و ڕووبەڕوووی یاسامان كردوونەتەوە، جگە لەوەش، سات بە ساتی لێكۆڵینەوەكانیشمان، دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤمان لێ ئاگادار كردووەتەوە و لە نزیكەوە زانیاریی تەواویان لەسەر ئەم كەیسە هەیە".
روونیشکراوەتەوە کە ئەگەر هەر پۆلیس یان ئەفسەرێكیش، هەڕەشەی تەنازولكردنی لە هەر داوایەكی یاسایی لە هەر دادخوازێك بكات، ئەوا مافی خۆیەتی داوای یاسایی لەسەر ئەو پۆلیسە یان ئەو ئەفسەرە تۆمار بكات، بەڵام بە بەڵگەوە بێت، چونكە پۆلیس چۆن جێبەجێكاری یاسایە، وە لە هەمان كاتیشدا ئەو یاسایە بەسەریدا بێ جیاوازی جێبەجێ دەكرێت.
باسنیوز
