داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان رادەستی محەمەد عەللاوی دەکرێن

 داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان رادەستی محەمەد عەللاوی دەکرێن


شاندی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، کە گفتوگۆ لەبارەی پشکی گەلی کوردستان لە کابینەی نویی حکوومەتی عێراق دەکا، ماوەتەوە و داواکاریەکانی هەولێر رادەستی عەللاوی دەکات.

محەمەد ئێلخانی، ئەندامی شاندەکە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، شاندی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی پشکی کوردستان لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، دەکرێت.

محەمەد ئێلخانی هەروەها رایگەیاند، شاندەکەی هەرێمی کوردستان داواکارییەکانی، کە زۆرتر خۆیان لە جێبەجێکردنی دەستوور بەتایبەت ماددەی 140 و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران دەکات، جگە لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، دەبیننەوە، رادەستی محەمەد عەللاوی کردووە.

ئەو ئەندامەی شاندی هەولێر بۆ بەغدا جەختی لەوە کردەوە، کە بە محەمەد عەلاوییان راگەیاندووە، هەرێمی کوردستان خۆی کاندیدەکانی بۆ وەزارەتەکان دیاری دەکا، چونکە دەبێ پشکی کورد لە حکوومەتی عێراق لەلایەن گەلی کوردستانەوە دیاری بکرێت.

شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.

عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
Top