مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان بە شوێنی ئاشتی و پێکەوەژیان دەمێنێتەوە
لەبارەی سەردانەکەی بۆلای پاپای ڤاتیکان، مەسرور بارزانی رایگەیاند: "کۆبوونەوەمان لەگەڵ قەداسەتی پاپا، بۆ ئێمە جێی شانازی بوو، ئێمە سوپاسی گەلەکەی خۆمان گەیاندە بەڕێزیان و داوای پشتگیری و نزامانکرد بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و گەلەکەمان".
راشیگەیاند: "کوردستان بۆتە شوێنێکی سەقامگیر بۆ زۆر لەو خەڵکانەی لەدەستی داعش رایانکردووە، شانازی بەوەوە دەکەین کە توانیومانە پێشوازی لە ملیۆنێک و 100 هەزارکەس بکەین، کە هەشتا هەزار کەسیان پەنابەرن لە سوریاوە هاتوون، ئەمانەمان هەموو بۆ پاپا باسکرد، کە زانیاری و ئاگاداری باشی هەبوو، هاوڕابوو لەگەڵمان و پێزانینی هەبوو بۆ ئەوەی ئەنجامی دەدەین".
لە وەڵامی ئەوەی هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ کەمایەتییە ئاینییەکان دەکات، سەرۆکی حکوومەت گووتی: "کوردستان خاکی ئاشتی و پێکەوە ژیانە، بەدرێژایی چەندین سەدە وابووە و دەمانەوێت بەردەوامبین و هەروا بمێنین، ئێمە بە کەمینە ناویان نابەین، بەڵکو بەو خەڵکانەی باوەڕێکی تریان هەیە ناویان دەبەین، بۆ ئەوانەی دەیانەوێت دڵنیابن کە پێویستیان بە شوێنێک هەیە، هەمیشە دەتوانن بێنە کوردستان".
K24
