مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا كۆدەبێیتەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای تەواوبوونی کارەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومی ، گەیشتە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا و بڕیارە ئەمرۆ لەگەڵ جیوزێپێ کۆنتێ، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا كۆببێتەوە و گفتوگۆ دەربارەی هەماهەنگییەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەکرێت.
لە سەردانەکەدا شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتوون لە دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی و خالید شوانی وەزیری هەرێم ، دەرفەتەکانی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا ئیتاڵییەکان تاوتوێ دەکەن.
پاشان رۆژی چوارشەممە لە ڤاتیکان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ قەداسەتی پاپا و سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان و وەزیری بەرگری ئیتاڵیا كۆدەبێتەوە و باسی پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە پێکەوەژیانی ئایینی و هاندانی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان دەکات.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئیتالیا و ڤاتیکان رایگەیاند: "لەگەڵ قەداسەتی پاپا باسی گرنگی پێکەوە ژیانیی ئایینی لە هەرێمی کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەکەین. شانازی دەکەین کە هەرێمی کوردستان هەوڵی زۆریداوە بۆ بەرەپێشبردنی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و رەخساندنی کەشێکی ئارام بۆ پەیڕەوانی تەواوی ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان."
K24
