پۆلیسی هەولێر: بەهۆی دەمەقاڵێ کەسێک کوژرا

پۆلیسی هەولێر: بەهۆی دەمەقاڵێ کەسێک کوژرا
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵێ لەنێوان چەند کەسێک و دواتر تەقەکردن، کەسێک کوژرا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون. دەشڵێت "ئەوانەی تاوانەكەیان ئەنجام داوە، دوو تۆمەتباربوون و یەكێكیان بە برینداری دەستبەسەر كراوە".

رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 16-02-2020 لە گەراجی (ئەكوا پارك) لە هەولێر روویداوە. سەرەتا دەمەقاڵێ لەنێوان چەند كەسێك دروستبووە و دواتر تەقە کراوە، بەهۆیەوە " کەسێک دەکوژرێت و سێ کەسی دیکەش بیرندار دەبن".

عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، "ناسنامەی ئەو كەسانەمان دیاریكردووە كە تاوانەكەیان ئەنجام داوە. دواتر لە كەمتر لە حەوت کاژێردا تۆمەتبارەكان رادەستی دادگا كراون".

بەگوتەی عەمید دلێر نەجاڕ، "ئەوانەی تاوانەكەیان ئەنجام داوە، دوو تۆمەتباربوون و یەكێكیان بە برینداری دەستبەسەركرا كە یەكێك لەو تۆمەتبارانە بكەری سەرەكیی تاوانەكەیە، لە ئەنجامی ئەو رووداوەشدا هاووڵاتییەك بە ناوی (هاوڕێ مەحموود قادر) كوژراوە و هەروەها دوو هاووڵاتیی دیكەش بە ناوەكانی (هێژا عوسمان جەمیل) و (ئەحمەد سەلاحەدین تەها)، بریندار بوون".

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو كە تۆمەتباران (ش.ع.م) لەگەڵ (گ.ق.م)، بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەكە و بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە و بەپێی ماددەی (406) لە یاسای سزادان، بەندكراون.
Top