سەرۆك بارزانی لەگەڵ شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا كۆبووەوە

سەرۆك بارزانی لەگەڵ شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا كۆبووەوە
ئەمڕۆ یەكشەممە سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەڵاحەدین، پێشوازی لە شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا كرد كە پێكهاتبوون لە سێناتۆر جێمس ئێنهۆف بەرپرسی لیژنەی هێزە چەكدارەكانی ئەمریكا و سێناتۆر جۆن بووزمەن و سێناتۆر ماریۆن مایكڵ ڕۆندز و سێناتۆر كێڤین كرامێر، لەگەڵ هەردوو ترێنت كێڵی و تیمۆسی واڵبێڕگ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا.

لەم دیدارەدا كە ماسیو تیولەر باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا، شاندی میوان ئامانجی سەردانەكەیان بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان خستەڕوو و جەختیان لە دۆستایەتی و پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان گەلی ئەمەریكا و گەلی كوردستان كردەوە.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەت و سوپای ئەمەریكای كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا پشتیوانی گەلی كوردستان بوونە و پێزانینی هەبوو بۆ دۆستایەتیی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و گەلی ئەمەریكا، ڕاشیگەیاند شەڕی دژی تیرۆر لوتكەی هاوكاری و دۆستایەتیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا بوو.

لە بەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی ڕێگەكانی گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ عێراق و هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر ئاسایشی جیهانی ئالوگۆڕ كرا.










باسنيوز


Top