وەزارەتی شارەوانی ژمارەیەك بەڕێوەبەر لە پۆستەکانیان دوور دەخاتەوە
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رايگەیاند، لە تازەترین گۆڕانکارییەکانیاندا، بەڕێوەبەری شارەوانیی چوار و بەڕێوەبەری شارەوانیی دووی هەولێر، لەگەڵ بەڕێوەبەری شارەوانیی سێبیران لە سنووری هەولێر، لە پۆستەكانیان دوور خراوەنەتەوە، هەروەها بە دەیان بەڕێوەبەر و بەرپرسی دیكەش لادراون و گۆڕاون.
سەرچاوەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هۆکاری گۆڕانکارییەکانی بۆ بەردەوامیی هەوڵەکانی چاکسازی لە بواری ڕێکخستنەوەی کاروباری فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتەکە لێکدایەوە و ئاشکرای کرد کە گۆڕانکارییەکانیان بەردەوام دەبێت و سەرجەم ئەو فەرمانگانە دەگرێتەوە کە پێویستییان بە چاکسازی و گۆڕانکاری هەیە.
سەرچاوەکە گوتی: ”گۆڕانكاری و چاكسازییەكان لەسەر بنەمای رێكاری یاسایی و بە گوێرەی رێنمایی و یاساكان كراون، بە تایبەتیش لەم لایەنەوە كە سەرپێچیی كەسانێك ئاشكرا دەبێت، گۆڕانكارییەكان دەیانگرێتەوە، هەروەها كەسانێكیش هەن، بەهۆی دڵسۆزییان بۆ كارەكەیان و بە باشی راییكردنی كاروباری فەرمانگە و هاووڵاتیان، پۆستەكەیان بەرز كراوەتەوە, هەندێكیشان بەهۆی تەواوبوونی ماوەی یاسایی و زۆریی مانەوەیان لە پۆستەكانیان، بەر ئەو گۆڕانكارییانە كەوتوون".
ئەمە لە کاتێکدایە کە ماوەیەک لەمەوبەر، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ رێكخستنەوەی كاروباری بەشی خزمەتگوزاری لە فەرمانگەكانی شارەوانی، بەشی زۆری سەرۆكی بەشی خزمەتگوزارییەكانی بە كەسانی شارەزا و ئەندازیار گۆڕی كە پێشتر كەسانێك ئەو پۆستانەیان بەڕێوە دەبرد، ئەندازیار نەبوون.
باسنيوز
