پەروەردەکانی سلێمانی و هەڵەبجە سبەینێیان کردە پشوو

پەروەردەکانی سلێمانی و هەڵەبجە سبەینێیان کردە پشوو
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی و هەڵەبجە رایانگەیاند، بەھۆی ناسەقامگیریی کەشوھەواوە سبەی پێنجشەممە، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمییە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە "پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی کە پێمان دراوە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە و دوای راوێژ لەگەڵ بەڕێز پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی ئیدارەی راپەڕین، لەبەر سەلامەتیی گیانی قوتابیان، خوێندکاران، مامۆستایان و فەرمانبەران بڕیارماندا سبەینێ پێنجشەممە 13-2-2020 لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان پشوو بێت".

هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای هەڵەبجەش رایگەیاندووە "پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی پێماندراوە لەلایەن بەڕێز وەزیری پەروەردە، دوای ڕاوێژ لەگەڵ بەڕێز پارێزگاری هەڵەبجە، لەبەر سەلامەتیی گیانی قوتابیان و خوێندکارانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجەی شەهید لە پارێزگای هەڵەبجە، بەهۆی ئەو شەپۆلە سەرما و زوقمەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، سبەی پێنجشەممە 2020-2-13 پشوو دەبێت لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن، بەڵام لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیمان و بەڕێوەبەرێتییەکانی دەوام ئاساییە".

پێشتر پەروەردەی دهۆک سبەینێی وەکو پشوو راگەیاند و گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، دەوامی فەرمانگەکان ئاساییە و پشوو نییە.
Top