حکومەتی هەرێمی کوردستان: سبەی دەوام ئاساییە
جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند: "سبەی پێنجشەممە دەوام ئاساییە، قوتابخانە و فەرمانگەکانی حکومەت هیچکامیان ناکرێنە پشوو. لەوبارەوە لەگەڵ کەشناسی قسەکراوە و سەرماکە هێندە نییە سبەینێی بۆ بکرێتە پشوو."
بەڵام پەروەردەی دهۆک سبەی کردووەتە پشوو و عومەر عەلی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک راگەیاند "سبەی پێنجشەممە 13-2-2020 لە سنووری پەروەردەی دهۆک لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشووە، چونکە پلەی گەرمی زۆر دابەزیوە".
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەی هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدات لە هاتنی شەپۆلێكی دیکەی سەرما و بەفربارین بۆ سەرجەم شارەكانی هەرێمی کوردستان.
کەشناسی ئاماژەی بەوەداوە، "سەرەتا لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانى باکوورى رۆژئاواى هەرێمی کوردستان بەفربارین دەستپێدەکات، لە بەرەبەیانى رۆژى پێنجشەممەوە کاریگەرى شەپۆلى بەفربارینەکە تەواوى ناوچەکەمان دەگرێتەوە و پێشبینى بەفربارین لە سەنتەرى پارێزگاکان (هەولێر، سلێمانى، دهۆک، کەرکووک و هەڵەبجە) بە ڕێژەى جیاجیا هەیە".
