فرسەت سۆفی: لە هەولێر نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە نەخۆشی دەروونی دروستدەکرێت
د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لەگەڵ دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردندا سەردانی كوێستان محەممەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتییان کردووە.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە هاوئاهەنگی و هاوکاریی زیاتری نێوان دەزگە و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتەکان و پارێزگای هەولێر کردووە.
د. فرسەت سۆفی ئەوەیشی خستەڕوو، "تیشکمان خستە سەر ئەو نەخۆشخانە دەروونییەی بڕیارە بەم نزیکانە بە شێوازێکی سەردەمییانە لە هەولێر دەست بە دروستکردنی بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیاری کۆبوونەوەیەکی گشتگیر و هاوبەشم لەگەڵ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تەواوی دامودەزگە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی شێوازی نەخۆشخانەکە".
