ڕێزانى شێخ دلێر: هاوسەرۆکایەتیی یەکێتی هەڵەیە و بۆ ڕازیکردنی باڵەکان دانراوە

ڕێزانى شێخ دلێر: هاوسەرۆکایەتیی یەکێتی هەڵەیە و بۆ ڕازیکردنی باڵەکان دانراوە
ڕاوێژکارێکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رای گەیاند، سیستەمی هاوسەرۆکایەتییەکەی حزبەکەی ”هەڵەیە“ و بۆ ڕازیکردنی باڵەکانی نێو یەکێتی داندراوە.

ڕێزانى شێخ دلێر، ڕاوێژكارى پێشووى مه‌كته‌بى سیاسیی یه‌كێتی، ڕاى گه‌یاند، سیسته‌مى هاوسه‌رۆكى واتا هاوتابوونى ژن و پیاو، ئه‌م سیسته‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ دانراوه‌ ژنان هاوشێوه‌ى پیاوان لە نێو هه‌موو حزبێكدا سه‌رۆكایه‌تى بكه‌ن و خاوه‌نى بڕیار و ده‌سه‌ڵاتى خۆیان بن، ڕێگه‌ به‌وه‌ نادات ژن پەراوێز بخرێت و ته‌نها پیاو له‌و سیسته‌مه‌دا پێگه‌یان هه‌بێت.

ڕوونیشی کردەوە کە سیسته‌مى هاوسه‌رۆكایەتی ”بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ پیاو له‌گه‌ڵ پیاودا دابنرێت، یان هه‌رچۆن بووه‌ جێگه‌ى خۆت بكه‌یته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى باڵ و ئاڕاسته‌ جیاوازه‌كان كۆبكه‌یته‌وه‌ و بواریش به‌وه‌ نه‌ده‌یت ژن له‌ناو هاوسه‌رۆكییه‌كه‌دا هه‌بێت“.

بە بڕوای ڕێزانی شێخ دلێر، ”سیسته‌مه‌ هاوسه‌رۆكایەتییەکەی یه‌كێتى هه‌ڵه‌یە، ته‌نها سیسته‌مێكى نوێی جیاوازه‌ و خۆیان درووستیان كردووه‌، بۆ ئەوەی ئه‌و كه‌سانه‌ى یه‌كێتى به‌ڕێوه‌ ده‌بەن، باڵه‌كانى ناو حزبه‌كه‌ ڕازى بكه‌ن".

ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەگەر یەکێتی توانای زاڵبوونی بەسەر کێشە ناوخۆییەکانیدا هەبێت، پێویستی بە دروستکردنی سیستەمێکی لەم شێوەیە نابێت، بەڵام ئەگەر بە کرداری یەکێتی نیازی پیادەکردنی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی هەیە، ئەوا ”پێویسته‌ ژن و پیاو حزبه‌كه‌ بەڕێوە ببەن، به‌ڵام یه‌كێتى پیاو و پیاوى بۆ هاوسەرۆکایەتیکردن داناوە، ئه‌وه‌ش كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ناكات".

ڕاوێژکارەکەی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کە ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراقیش بووە، پێیوایە کە دەبووایە حزبەکەی پێش ئەوەی بڕیارێکی لەم شێوەیە بدات، خوێندنەوە بۆ سیستەمی هاوسەرۆکایەتی بکات. گوتیشی: ”یەکێتی بەم سیستەمە مانای هاوسەرۆکایەتی تێک دەشکێنێت“.

پێشتریش سۆزانی خاڵە شیهاب، کادیری پێشکەوتووی یەکێتی رایگەیاندبوو، ئەگەر یەکێتی بە نیازی هاوسەرۆکایەتییە، ”دەبێت ژنێک بکاتە هاوسەرۆک“.











باسنیوز
Top