داخستنی خاڵە سنوورییە نافەرمییەکان هەزاران کەسی بێکار کردووە

داخستنی خاڵە سنوورییە نافەرمییەکان هەزاران کەسی بێکار کردووە
لەسەر هێڵی سنووریی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە نزیک قەڵادزێ، کۆمەڵیک کۆگای کۆنی لێیە کە رۆژگارێک شوێنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بوون و رۆژانە جموجۆڵی زۆریان تێدابوو بەڵام بە داخستنیان هەزاران کەس بێکار بوون و سەتان کەسیش ماڵوحاڵی خۆیان بەجێهێشتووە.

ئەمە خاڵێکی سنووریی نافەرمی بوو بۆ گواستنەوەی کاڵا و کەلوپەل بوو. کاڵا و کەلوپەلی جۆراوجۆر لە وڵاتانی دیکەوە دەهاتن و لێرەوە بە ئەسپ و قاتر بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێ دەکران.

دوو ساڵ لەمەوبەر حکومەتی ئێران بڕیاریدا ئەم خاڵە سنوورییانە دابخرێ. بەکر بایز، قایمقامی قەڵادزێ، دەڵێ: ئەم بابەتە کاریگەریی ئابووری زۆری بەجێهێشتووە. زۆر هەلی کاری لە خەڵک ستاندووە، بەتایبەت ئەو کۆڵبەرانەی کە لە دیوی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ژیان و گوزەرانیان لەسەر ئەم ئاڵوگۆڕە لە سنوورە لاوەکییەکانەوە بوو.

ئەمجۆرە بازرگانییە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. حکومەتی ئێران هۆکاری داخستنیان دەگەڕێنێتەوە بۆ رێکخستنی بازرگانی لە سنوورەکان، کۆنترۆڵی زیاتری سنوورەکان، رێگری لە قاچاخ و پارێزگاریکردن لە بەرهەمی ناوخۆیی.

ئەحمەد قندۆڵی خاوەن بارخانەیە. ئەو دەڵێ: نزیک بە 3 دەیەیە بارخانەی هەیە و کاڵا و کەلوپەل دەگوازێتەوە. پێشتریش ئەم خاڵە سنوورییانە جاروبارە بۆ ماوەیەکی کەم داخراون، بەڵام قەت وانەبووە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژی لەمجۆرە دابخرێن.

ئەحمەد قندۆڵی دەڵێ: "شتی قاچاخمان نەهێناوە و بۆ ئەو دیومان نەناردووە، هەموو شتەکان لەو دیو بەڵگەیان هەبوو، لە سەردەشتەوە داوای شتەکەیان دەکرد و دەیانگوت ئەو شتانە ئازادە و بیانهێنن، تەحەدا دەکەین ئەگەر یەک شتی قاچاخمان ناردبێت، چونکە ناکرێ سنووریکی فەرمی بۆ بەرژەوەندی هەندێ کەس تێکی بدەی، ئێمە شتی وامان قبوڵ نەبوو، وەکوو جگەرە، مەشرووب، چەک و ئەوانە کە ئێران قەدەخەی کردبوو، ئەو شتانەمان قەت نەناردووە".

گوندی قندۆڵ لە سنووری ناوچەی بێورانی سەربە شاری سەردەشت لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە، یەکێک لەو خاڵە سنوورییانە لەم گوندەدا هەڵکەوتبوو. بارخانەکان (کۆگا)ی ئەم گوندە هێشتا هەر ماون، بەڵام هەموو بەتاڵن.

جگە لە هەلی کاری راستەوخۆ ئەمجۆرە بازرگانییە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ هەلی کاری بۆ زۆر کەسی دیکەش رەخساندبوو. مەحموود، دانیشتووی قندۆڵە و لەنێو بارخانەکان دووکانی هەبووە. جگەرە و بیسکویت و شتی لەمجۆرەی بەو خەڵکە فرۆشتووە کە رۆژانە هاتووچۆی بارخانەکانیان کردووە.

مەحموود دەڵێ: خاڵە سنوورییەکە بۆ ئەودیو (رۆژهەڵات) و ئەمدیویش (باشوور) قازانجی زۆری هەبوو و رەنگە لەهەر دوو دیوی سنوور 3-4 هەزار کەس نانیان لێخواردبێت.

ئەمجۆرە بازرگانییە کاریگەریی زۆری لە ناوچە سنوورییەکاندا هەبوو. ناوچە سنوورییەکان ناوچەی بنبەستن و لەڕووی ئابوورییەوە پەرەسەندوو نین. بۆیە داخرانی رێڕەوە نافەرمییەکانی گواستنەوەی کاڵا زەرەر و زیانی لە ئابووری ناوچە سنوورییەکان و دانیشتووانەکانی گەیاند.

گوندی قندۆڵ 50 ماڵ بووە، بەڵام دوای داخرانی رێڕەوە سنوورییەکە نزیکەی 40 ماڵیان کۆچیان کردووە. لەم ناوچانەدا جگە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سنوورەکان، ئیشوکارێکی ئەوتۆ نییە. نە کشتوکاڵی باش هەیە، نە پیشەسازییەک، نە خزمەتگوزاری ئەوتۆش.

بەکر بایز، قایمقامی قەڵادزێ، دەڵێ: ئێمە چەند جارێک هەم لەڕێی پاسەوانی سنوور و هەمیش پارێزگاری سلیمانییەوە هەوڵمانداوە، بکرێنەوە، بەڵام هەوڵەکانمان هێشتا ئەنجامێکی نەبووە.

گەرچی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سنوورەکان کەمی کرد، بەڵام رانەوەستا. خەڵک روویان لە رێگا مەترسیدارەکانی گواستنەوەی کاڵا کرد. بۆیە حکومەتی ئێران هەوڵیداوە بە شێوازی دیکە رێڕەوەکانی گواستنەوەی کاڵا رێکبخاتەوە. کەچی هێشتا جێبەجێ نەبووە.

بڕیاری داخستنی رێڕەوە سنوورییەکان داهاتووی ژیانی لەم ناوچانە لەگەڵ ناڕوونی بەرەوڕوو کردووە. پارێزگاری سنە گوتوویە رێڕەوە نافەرمییە سنوورییەکان لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکرێنەوە، بەڵام هێشتا روون نییە کە خاڵە سنوورییەکانی وەک قندۆڵیش دەگرێتەوە یان نا.
Top