سەرۆك بارزانی لەبارەی توندوتیژی و دواپەرەسەندنەكانی عێراق پەیامێكی بڵاوكردەوە

سەرۆك بارزانی لەبارەی توندوتیژی و دواپەرەسەندنەكانی عێراق پەیامێكی بڵاوكردەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆك مەسعود بارزانی پەیامێكی لەبارەی توندوتیژی و دواپەرەسەندنەكانی عێراق بڵاو كردەوە.

لە پەیامەكەی سەرۆكدا هاتووە "زۆر نیگەرانین لە پەرەسەندنی توندوتیژی و ڕووداوە خوێناوییەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی بەغدا و نەجەف و زۆر بە توندی ئیدانەی خوێنڕێشتن و كوشتن و بەكارهێنانی توندوتیژی لەدژی خۆپێشاندەران دەكەین".

هەروەها دەڵێ "داوا دەكەین حكوومەتی عێراقی و دامودەزگای ڕەسمی و پەیوەندیدارەكان ئەركی خۆیان لە ڕێگەگرتن لە خوێنڕێشتن و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و خۆپێشاندەران جێبەجێ بكەن. پێویستە لایەنە سیاسییەكانیش بۆ گەییشتن بە چارەسەر، بە زمانی عەقل و مەنتیق مامەڵە لەگەڵ ئەو قەیرانە قووڵە بكەن كە بەرۆكی عێراقی گرتووە".

سەرۆك بارزانی لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوە داوە "پشتیوانی خۆمان بۆ داوا ڕەواكانی خۆپێشاندەران و هاووڵاتیان دووپات دەكەینەوە و، سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیان و شەهیدانی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق دەكەین و هیوای چاكبوونەوەی خێرایش بۆ برینداران دەخوازین".










باسنيوز

Top