هۆڵەندا بەڵێنیی دابینكردنی پارە بۆ نۆژەنكردنەوەی قەڵای شێروانە دەدات
ساڵح محەمەد سەمین، جێگری بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان، ڕايگەیاند "ئەمڕۆ پێنجشەممە 6/2/2020، پرێنس كلاوسی هۆڵەندی جێگری كونسوڵی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی نۆژەنكردنەوەی قەڵاكە و چۆنێتی خەرجكردنی بڕی ئەو پارەیەی لەماوەی ڕابردوودا لەلایەن ڕێكخراوێكی هۆڵەندییەوە بۆ نۆژەنكردنەوەی قەڵاكە دابین كرا، سەردانی قەڵای شێروانەی كردووە".
گوتیشی: "جێگری كونسوڵی هۆڵەندا بەڵێنیی دا لەگەڵ هەمان ڕێكخراو، یان هەر ڕێكخراوێكی دیكەی هۆڵەندی قسە بكات بەمەبەستی دابینكردنی پارە بۆ تەواوكردنی پرۆسەی نۆژەنكردنەوەی تەواوی بەشە زیانلێكەوتووەكانی قەڵاكە".
شەوی 12/11/2018 بوومەلەرزەیەكی بەهێز بەگوڕی 7.3 پلە بەپێی پێوەری ڕێختەر شارەكانی هەرێمی كوردستانی لەرزاند و بەو هۆیەوە بەشی سەرەوەی قەڵای شێروانە ڕووخا و دواتر لەلایەن ڕێكخراوێكی هۆڵەندییەوە نۆژەن كرایەوە.
قەڵای شێروانە لە دەروازەی شاری كەلار دروست كراوە، یەكێكە لە بینا ناوازە و گرنگەكان لەسەر ئاستی بینا كەلەپووری و شوێنەوارییەكانی كوردستان، قەڵاكە پێكهاتووە لە دوو نهۆم و ژێرزەمینێك بە چەندین یەكەی بیناسازی گرنگ ڕازاوەتەوە، لەگەڵ چەندین نەخش و نیگاری سەرنجڕاکێش كە هەندێ بەشی قەڵاكەی پێ ڕازێنراوەتەوە، نەخشەكانیش بریتین لە دیمەنی ڕووەكی و ئاژەڵی و ئەندازەیی، مێژووی قەڵاكە بەپێی زۆر كنە و پشكنین و سەرچاوەكان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1866 ـ 1874) كەلەسەر دەستی (محەمەد پاشای جاف) دروست كراوە.
بەپێی گێڕانەوەكان قەڵای شێروانە لە ساڵانی 1925 و 1935 نۆژەن كراوەتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئەرشیفەوە هیچ بەڵگەیەك لەبەردەستدا نییە لەو بارەیەوە، بە نزیكیش لە ساڵانی 1989 و 1998 نۆژەن كراوەتەوە.
باسنيوز
