سلێمانى.. گەورەترین قردێلەی شێرپەنجە له‌سه‌ر چیای گۆیژه‌ نمایش كرا

سلێمانى.. گەورەترین قردێلەی شێرپەنجە له‌سه‌ر چیای گۆیژه‌ نمایش كرا
لە ڕۆژی جیھانیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى نەخۆشی شێرپەنجەدا، درێژترین قردێلە لەسەر چیای گۆیژەى سلێمانی نمایش کرا، بەمەش قردێلەکە ده‌چێته‌ کتێبی گینسەوە.

ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 4/2/2020، ڕێکخراوی (ئاڤی)، به‌ ئامادەبوونی نوێنەرانی کتێبی گینس، درێژترین قردێلەى نمایش كرد، کە درێژییەکەی حەوت کیلۆمەتر و 300 مەترە.

سەرۆکی ڕێکخراوەکە لە پرێس كۆنفرانسێكدا گوتى: "چالاکییەکەمان بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی ئەنجام داوە و ئامانجی سەرەکیمان لە ڕاخستنی گەورەترین قردێلە بۆ ئەوەیە کوردستان بەناوێکی دیکەوە بچێتە کتێبی گینسەوە".

پێشتر درێژترین قردێلەی شێرپەنجە لە هیندستان نمایش کراوە و ناوی چووەتە کتێبی گینسەوە، کە درێژییەکەی حەوت کیلۆمەتر و 165 مەتر و 20 سانتیمەتر بووە، ساڵی 2018ش لە شاری دوبەی لە ئیمارات قردێلەیەکی دیکە نمایش کرا کە درێژییەکەی چوار کیلۆمەتر و 103 مەتر بووە.









باسنيوز


Top