مهسرور بارزانى: ئامانجی پرۆسهى چاكسازى هێنانەدی دادپەروەری و بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی هەرێمی کوردستانە
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لە سەرۆکی حکوومەت و کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و پشتگیری بۆ ھەنگاوەکانی حکوومەت دەربڕی سەبارەت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی و پڕۆژەکانی حکوومەت و برەودان بە پرۆسەی چاکسازی لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم، داواشی کرد کە خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکەن بە بێ جیاوازی.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان هاوکار و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی عێراق لەم دۆخە نائاساییەی ئێستا دەربچێت، گوتیشی: "خوازیارین کێشەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها باسى لهوه كرد، کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەوەی فاکتەرێکی سەقامگیری بێت لەناوچەکەدا و پەیوەندییەکی هاوسەنگیشی لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەبێت لەسەر بنەمای ڕێزلەیەکگرتنی هاوبەش.
پاشان مەسرور بارزانی سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پشتیوانیکردنی لە کابینەی نۆیەم و ئاماژەی بەوەش دا، کە لە پرۆسەی چاکسازی بەردەوام دەبن کە بەشێکی سەرەکیی کارنامەی کابینەی نۆیەمە و ئامانجی هێنانەدی دادپەروەری و بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
دەربارەی دۆخی ئێستای عیراقیش، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە: "ئێمە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە هەوڵمان داوە کێشەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی چارەسەر بکەین، هیوداراین حکوومەتی داهاتووی عێراقیش، پابەند بێت بەو لەیەکتێگەیشتانانەی لە نێوانمان هاتووەتە ئاراوە لەسەر بنەمای دەستوور".
پاشان وەزیرانی تەندروستی و ناوخۆ ڕاپۆرتێکیان دەربارەی ڤایرۆسی (کۆرۆنا 2019) و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و پێشگیریی لەو ڤایرۆسە لە هەرێمی کوردستان خستە ڕوو، دووپاتیشیان کردەوە کە تا ئێستا هیچ کەیسێکی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە.
باسنيوز
