وەزارەتی ناوخۆ مەرجەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دەردەکات
نووسراوەکە لەلایەن بەشی کارگێڕی بەڕێوەبەرایەتیی کارگێڕی و سەرچاوە مرۆییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی دیوانی وەزارەتەوە دەرچووە، واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی بەژمارە ژمارە 2700ی بەسەرەوەیە و لە 30-01-2020 دەرچووە، وێنەیەکی دراوەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ سەربە وەزارەتی دارایی و ئابووری.
لە نووسراوەکەدا مەرجە گشتییەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو، ئۆتۆمبێلی سفر کیلۆمەتر و سزاکانی سەرپێچیکاران روونکراونەتەوە.
لە خاڵی نۆیەمی مەرجە گشتییەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلدا هاتووە، " گشت ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە سووتەمەنی (بەنزین، گاز، غاز و کارەبا) کاردەکەن دەهێنرێنە ژوورەوە بەپێی رێنماییەکان.
ئامێرەکانی کشتوکاڵی و بونیادنان تا رێکەوتنی 15-03-2020 لەلایەن تاقیگەکانی کواڵیتی دەروازە سنوورییەکانەوە پێویستی بە بڕوانامەی (COC) نییە".
سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو، لە خاڵی یەکەمیدا هاتووە؛ ئەو ئۆتۆمبێلانەی تاوەکو 01-01-2020 هاتوونەتە دەروازە سنوورییەکان رێگەیان پێدەدرێت بهێنرێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە.
یەکێک لە مەرجەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی سفر کیلۆمەتریش ئەوەیە، ئەوانە رێگەیان پێدەدرێت هاوردە بکرێن کە کاتێک دەگەنە دەروازە سنوورییەکان نابێت لە 100 کیلۆمەتر زیاتر رۆیشتبن و بە سفر ئەژمار دەکرێن.
هەروەها هەرکەسێکیش سەرپێچی بکات، لەنێوان پێنج بۆ 30 ملیۆن دینار سزا دەدرێت و لەکاتی چواربارە و چەند بارەبوونەوەی 30 ملیۆن دیناری دیکە دەخرێتە سەرغەرامەکەی.
مەرجەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، پاڵپشتە بە رێنمایی ژمارە 8ی ساڵی 2019ی تایبەت بە مەرجەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بەکارهاتووە، بەپێی دەسەڵاتی دراو بە وەزیر لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە 6ی ساڵی 2009، پاڵپشت بە کۆنووسی هاوبەشی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و ئابووری.
