بەفر جموجووڵی لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران پەکخست
فەرزەنگ ئەحمەد، بەڕێوەبەری شارۆچکەی حاجی ئۆمەران گوتی، تیمەکان لە راماڵینی بەفر بەردەوام بوون، بەڵام خێرایی با و دروستبوونی کڕێوە وایکرد تیمەکان نەتوانن بەفرەکە راماڵن و هەربۆیە ھاتووچۆ لە سنووری چۆمان تا دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران ئەستەمە.
بەڕێوەبەری شارۆچکەی حاجی ئۆمەران دەڵێت، ھۆکاری پەککەوتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاریی نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان بەفری تەمەرچیانە و گوتیشی، تیمەکان لەودیو سنووریش لەبەر زۆری بەفر و کڕێوە نەیانتوانیوە بەتەواوی بەفرەکە راماڵن بەجۆرێک ئۆتۆمبێل توانای رۆیشتنی ھەبێت.
فەرزەنگ ئەحمەد داوادەکات ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەبڵ ئەکسل نین و زنجیریان نیە خۆیان لەو رێگەیە نەدەن تا راماڵینی بەفر لە ھەردوو سنورەکانی هەرێمی و رۆژھەڵاتی کوردستان کۆتاییدێت.
لە ئێوارەی رۆژی هەینی (31-01-2020) شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەفر و بارانبارین بەردەوامدەبن.
