لە سنووری كەركووك دەست بەسەر حەشارگەیەكی چەك و تەقەمەنیی داعشدا گیرا
بەپێی راگەیاندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی حكوومەتی عێراق، و تێیدا هاتووە: "بەشی هەواڵگریی فیرقەی چواردەی سوپا، لە سنووری ناحیەی زابی سەر بە پارێزگای كەركووك دەستیان بەسەر مۆڵگەیەكی چەك و تەقەمەنیی داعشدا گرت".
ئەوەش خراوەتە ڕوو، لەنێو حەشارگەكەدا چەندین قازیفە و هاوەنی جۆراوجۆر و مووشەك و كەرەستەی تەقینەوە دۆزراوەتەوە و پاشان لەلایەن ئەندازەی سەربازییەوە ئەو كەرەستە تەقەمەنییانە بەبێ زیان لناو براون".
هاوكات ماوەیەكە جموجۆڵی داعش لە دەورەبەری كەركووك زیادی كردووە و لەمبارەیەوە، مەریوان جەلال، بەرپرسی پێشووی مەكتەبی راگەیاندنی لقی كەركووكی پارتی، ئەمڕۆ شەممە 1/2/2020، ڕايگەیاند: "چالاكییە تیرۆریستییەكانی داعش لە دەوروبەری كەركووك زۆر بووە، هێزە ئەمنییەكانی عێراقیش لاوازن و بەرەنگاریان نابنەوە، هەروەها ئەوان خۆیان دەرفەتیان داوە بە داعش جموجۆڵ بكەن و دیارە بۆ مەبەستی جۆراوجۆریانە، بۆیە داعش گەشە دەكات".
گوتیشی: "بیری داعشیش هەر ماوە و بەشێك لەعەرەبەكان هەمان بیری داعشیان هەیە، مۆڵگەكانی داعش زۆر ئاشكران لە سنووری كەركووك و تەنانەت ئێستا داعش لەناو كەركووكیش بە بەرگێكی ترەوە بوونیان هەیە و ئەوان لە كەمپەكانیشدا هەن، بۆیە مەترسین بەسەر ناوچەكەوە".
باسنيوز
