دەزگاى خێرخوازیى بارزانى هاوکاریی لێقەوماوانی زەویلەرزەکەی باکوورى کوردستان دەکات

دەزگاى خێرخوازیى بارزانى هاوکاریی لێقەوماوانی زەویلەرزەکەی باکوورى کوردستان دەکات
بەرپرسێکى دەزگاى خێرخوازیى بارزانى رایگەیاند بەمەبەستى بەهاناوەچوونى قوربانییانى زەویلەرزەکەی باکوورى کوردستان و لەسەر فەرمانى سەرۆک بارزانى، دەزگاى خێرخوازیى بارزانى هاوکاریى دەگەیەنێتە باکوورى کوردستان.



ئیبراهیم سەمین ئەندامى دەستەى کارگێڕى دەزگاى خێرخوازیى بارزانى راگەیاند: "لەسەر فەرمانى سەرۆک بارزانى دەزگاى خێرخوازیى بارزانى پێداویستى سەرەتایى دەگەیەنێتە قوربانییانى زەویلەرزەگەی باکوورى کوردستان، بەمەبەستى بەهاناوەچوونى ئەو کەسانەى بەهۆى کارەساتەکەوە بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە و پێویستیان بەهاوکاریى بەپەلە هەیە، بۆ ئەم مەبەستە داوامن لەلایەنى پەیوەندیدار کردووە هەرکات رەزامەندى وەربگرین بەزووترین کات کۆمەک و هاوکارییەکان دەگەیەنینە هاووڵاتیان".



راشیگەیاند: "دەزگاى خێرخوازیى بارزانى هەمووکات ئامادەیە یارمەتیى مرۆیى پێشکەشى لێقەوماوان و قوربانییانى جەنگ و کارەساتە سروشتییەکان بکات، لەساڵى 2011 یارمەتیمان گەیاندە ئەو کەسانەى کە بەهۆى کارەساتە سروشتییەکى وانى باکوورى کوردستان بوونە قوریانى".



ئاماژەى بە ئەوەش کرد کۆگاکانى دەزگاى خێرخوازیى بارزانى بەشى ئەوە کەل و پەل و پێداویستى سەرەتاییان تێدایە بۆئەوەى بتوانن بەهاناى ئەو خەڵکەوە بچن، پێداویستییەکانیش زیاتر خواردنى خێرا و ئازووقە و جلوبەرگ و پۆشاک و شیرى منداڵ لەخۆ دەگرن.







باسنیوز
Top