ئومێد خۆشناو: مووچەی فەرمانبەر و کەسوکاری شەهیدان کەم نەکراوەتەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-1-2020، ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دوای پەسەندکردنی پرۆژەیاسای چاکسازی لە پرێس کۆنفڕانسێکدا رایگەیاند، پەسەندکردنی پرۆژەیاسای چاکسازی خواستی گەلی کوردستان بوو و یەکێک بووە لە بەڵێنەکانی فرانسیۆنی پارتی بە گەلی کوردستان.
ئومێد خۆشناو هەروەها رایگەیاند، پەسەندکردنی ئەو پرۆژەیە دەستپێکێکە لە هەنگاوێکی گەورەی پەیوەندییەکانی نێوان پەرلەمان و حکوومەت بۆ بەدیهێنانی ئامانجی هەمووان و لە ئایندەدا کاری گەورەتر و باشتر دەکرێن.
سەرۆکی فراسکیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش دا، کە پرۆژەیاساکە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئامادە کرابوو و لە پەرلەمانیش بە هاوکاریی هەموو فراکسیۆنەکان دەوڵەمەند کرا و پەسەند کرا.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بە هەوڵی هەندێک لایەن و کەس کرد، کە دەیانویست پرۆژەیاساکە بە جۆرێکی دیکە نیشانی هاووڵاتییان بدەن و رایگەیاند، ئەوانە ”دەیانویست پڕۆژەکە لە ئیمتیازی کەسی و سوودمەندبوونی پلەباڵاکان بچووک بکەنەوە“.
خۆشناو دڵخۆشیی فراکسیۆنەکەی بە دادپەروەریی پرۆژەیاساکە نیشاندا و رایگەیاند، لیستی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی پاک دەکرێتەوە و دڵنیاییشی دا لەوەی شایستەی زیندانیانی سیاسی و فەرمانبەرانن و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان گەرەتی کراوە و بە هیچ شێوەیەک کەم نەکراوەتەوە.
باسنيوز
