گەنجێکی هەڵەبجە لە دەریای ئیجەدا دەخنکێت
سەرکار تازە پۆلی 12ی تەواو کردبوو و لە کۆلێژی زمان بەشی زمانی کوردی وەرگیرابوو. بەر لە رۆیشتنی کاریکردووە. دوو مانگ لە تورکیا و دوو مانگی دیکەیش لە یۆنان بووە. زۆر هەوڵیداوە بگاتە ئیتاڵیا.
بەپێى قسەى شایەتحاڵان، ئەو یەختە 51 کەسى تێدا بووە. لەو رووداوەدا 21 کەس بە خنکاوى دۆزراونەتەوە، 17 کەسیش بێسۆراخن و ئەوانى دیکەش لەلایەن پۆلیسى کەناراوەکانەوە رزگارکراون.
سەلام رەحمان، براى سەرکار راگەیاند، "10ى مانگ نامەیەکى دەنگیی بۆ ناردم، گوتى من ئەمشەو دەردەچم بەرەو ئەوروپا و خەتم نامێنێت. بۆ بەیانى هەواڵیان پێداین کە کەشتییەک وەرگەڕاوە. سەرەتا گوتیان براکەى ئێوە رزگارى بووە، دوایى گوتیان گیراوە، شەوى رابردوو گوتیا بەداخەوە خنکاوە".
قوربانییەکانى ئەو کارەساتە زۆرینەیان خەڵکى رۆژئاوا و باشوورى کوردستان بوون. ئەوانەى رۆژئاوا تەرمەکانیان رادەستى کەسوکارەکانیان کرانەوە، بەڵام ئەوانەى باشوورى کوردستان هێشتا لە تورکیان.
فاتیح عەبدوڵڵا، کەسوکارى سەرکار دەڵێت، "سەرکار بە ماناى وشە کوڕێکى بەڕێز و خۆشەوستى نێو خەڵک بوو. داوا لە حکومەت دەکەم بە جیددى بێتە سەر هێڵ، چونکە هێشتا دەیان کەسى دیکە لەو رووداوەدا بێسۆراخن".
دەزگاى لووتکە بۆ هاوکاریى پەنابەران لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستاندا سەرقاڵى تەواوکردنى مامەڵەى هێنانەوەی تەرمى کۆچبەرە کوردەکانن.
ئارى جەلال، سەرۆکى دەزگاى لووتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران ئاماژە بەوە دەکات، "نوێنەرى ئێمە کاروبارى یاسایی تەواوکردووە و دەچێتە شوێنى رووداوەکە. بە هاوکاریی شێخ لاهوور تەرمەکان دێنینەوە کوردستان".
بەپێى ئامارى فیدراسیۆنى پەنابەرانى عێراق، تەنیا لە ساڵى رابردوودا نزیکەی 700 کەس لە عێراق و کوردستان لە دەریاى ئیجەدا خنکاون و هەندێکیان تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە.
