بەهۆی بۆردوومانی تورکیا، هۆشداری لە هاتووچۆکردن بۆ شەش گوندی زاخۆ دەدرێت
زێرەڤان مووسا، بەڕێوەبەری شارۆچکەی دەرکار راگەیاند، بە بڕیاری هێزە ئەمنییەکانی زاخۆ، ئاگاداری خەڵکی شەش گوندیان کردووە کە سەردانی گوندەکانی قەسرۆک، مێرگەشیش، دارەشیش، سنات، گەلی پس ئاغا و بەهنونەی سەر سنووری باکووری کوردستان نەکەن، بۆئەوەی بەر بۆردوومان نەکەون.
هاوکات بەڕێوەبەری شارۆچکەی دەرکار ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ دەکەن لەو ناوچەیە و گوتی، خەڵکی ئەو گوندانە تەنها ئاگادارکراونەتەوە نەچنە ئەو گوندانەی چۆڵکراون و کەس تێیاندا ناژی، ئەو گوندانەشی کە ئاوەدانن، ژیان تێیاندا ئاساییە.
لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا، بەڕێوەبەری شارۆچکەی دەرکار دەڵێت، چوار رۆژە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ ناوچە سنوورییەکان دەستیپێکردووە، بەڵام ئەو شوێنانە بۆردوومان دەکەن کە ماوەی چەند ساڵێکە چۆڵکراون.
ئەمە لەکاتێکدایە لە چەند پەڕەیەکی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە قەدەخەی هاتووچۆ لە چەند ناوچەیەکی سنووری زاخۆ راگەیێندراوە، ئەوەش دڵەراوکێی بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە دروستکردبوو.
