30 هەزار بیرى نایاسایی لە سنورى پارێزگای سلێمانیدا هەیە
ئەمڕۆ چوارشەممە لە ۆرکشۆپێكدا بە بەشدارى ژمارەیەك لەتوێژەر و شارەزا و نوێنەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكان، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ژێر زەویی سلێمانی پلانی 5 ساڵی داهاتوی بەڕێوەبەرایەتیەكەی ئامادەکرد و راشیگەیاند 30 هەزار بیرى نایاسایی لە سنورى پارێزگای سلێمانیدا هەیە.
فەرمانگەی ئاوی ژێر زەویی سلێمانی ئاماژەى بەوە کرد، ئامانجیانە سەر لە نوێ بناغەی بەڕێوەبردن و پەرەپێدان و پاراستنی ئاوی ژێر زەوی دابڕێژنەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە راشیگەیاند دەیانەوێت ڕێنماییەكانی هەڵكەندنی بیر و كەمكردنەوەی دیاردەی زیادەڕەویی هەموار بكەنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، پێداچونەوە بە یاسای هەڵكەندنی بیردا دەکرێت تا هەموان بتوانن سودمەند بن لەئاوی ژێرزەوی و و بەها بۆ ئەو سامانە نشتیمانییە بگەڕێتەوە.
بەپێى زانیارییە بڵاوکراوەکان، لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێر زەوی سلێمانی, 9612 بیری یاسایی هەیە، كە لە % 67 یان تایبەتن بەدابینکردنی ئاوی خواردنەوە و %6 بۆ كەرتی تایبەت و % 27 بۆ كشتوكاڵ و ئاودێری بەکاردەهێنرێت. هەروەها ئەوەش زانراوە کە نزیكەی 30 هەزار بیری نایاسایش بۆ مەبەستی جۆرا و جۆر هەڵكەندراون.
ئەمە لەکاتێکدایە کە دوێنێ پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى دەستگیرکردنى 3 کەسى لە شارەزور راگەیاند کە بەشێوەیەکی نایاسایی سەرقاڵی بیرهەڵکەندن بون.
