قەرزەکەی کوردستان خاڵی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدایە
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ رێککەوتن راوەستابێ و دەڵێ "لیژنەکانمان لە کاری خۆیان بەردەوامن و بەپێی ئەو رەشنووسەی ئامادە دەکرێ، گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەکرێت. ئێمە ئامادەین بۆ سەردانی بەغدا و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین".
هەرچەندە بەرپرسانی هەردوو حکومەتەکە بەشێوەیەک قسە دەکەن کە خەڵک بە ئومێدەوە سەیری پەیوەندییەکان بکەن و وەک ئەگەرێکی نزیک چاوەڕوانی رێککەوتن بکەن، بەڵام شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت گەرەنتی لە بەغداوە دەستبکەوێت لە بارەی چەند داواکارییەکەوە کە تایبەتن بە پرسی هەناردەکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت بۆ کۆمپانیای سۆمۆ، هێشتا بەغدا قسەیەکی دڵنیاکەرەوەی نییە لەوبارەیەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار راگەیاند: "هەرێمی کوردستان لاری نییە لە رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتەکە، بەڵام دەبێت بەغدا قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت کە لە ساڵانی قەیرانی دارایی بەهۆی بڕینی بودجەکەی هاتووەتە سەر شانی، چونکە تاوەکو ئێستا بەغدا بەڵێنی بژاردنی ئەو قەرزانەی نەداوە".
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان، لاریی نییە لە رادەستکردنی ئەو نەوتە، ئەگەر بەغدا مووچەی تەواوەتی فەرمانبەران و بەشێک لە بودجەی وەبەرهێنان و پرۆژەکان بنێرێت، لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان گرفتی ئەوتۆی نابێت لە دابینکردنی خەرجیی کۆمپانیاکانی نەوت لەو بڕە نەوتەی بەدەستییەوە دەمێنێتەوە".
مانگی رابردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت سەردانی بەغدایان کرد و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەری کێشەکان دەستیپێکرد. شاندێکی بەغداش سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. لە دوایین کۆبوونەوەی هەولێر و بەغدا کە 25/7/2019 لە هەولێر بەڕێوەچوو، شاندی باڵای هاوبەشی حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریاندا چەند لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی نەوت و دارایی پێکبهێنن.
ئەندامێکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێ ئەوەی ئێمە لە لیژنەکەمان لەگەڵ حکومەت قسەمان لەبارەیەوە کردووە و تێگەیشتووین، حکومەتی هەرێمی کوردستان "تاوەکو 20 رۆژی دیکە 250 هەزار بەرمیلەکە رادەستی بەغدا دەکات، بەڵام دەبێت رێککەوتنی نووسراو لە نێوان هەردوولا هەبێت بۆ ئەوەی پەرلەمانتارانی بەغدا لەکاتی ئامادەکردن و پەسەندکردنی بودجەی 2020 ، کێشە و گرفت بۆ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دروستنەکەن".
سەرکۆ ئازاد، گوتیشی: "ئێستا رەوشی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بۆ 475 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز ببێتەوە. ئەو پێشکەوتنەش وادەکات ئەگەر ناچاری و گوشارە زۆرەکانی سەر عادل عەبدولمەهدی نەبێت، هەرێمی کوردستان ئێستا حەزی بە رادەستکردنی نەوتەکەی نییە، بەڵام گرفتەکەی ئەوەیە کاتی ئامادەکردنی بودجەی عێراقە بۆ ساڵی داهاتوو".
سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق پێشتر لە لێدوانێکدا سەبارەت بە نەوتى هەرێم و کاریگەرى لەسەر رێککەوتنەکەى ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنان راگەیاندبوو: "رادەستکردنی نەوتی کوردستان بە سۆمۆ کاریگەری هەیە، نەک بە تەنیا 250 هەزار، بەڵکو هەموو بەرهەمهێنانەکە و هەروەها ئاستی هەناردەکردنەکە لە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە پشکی عێراق، بۆیە ئەمە دوو جار کاریگەری نەرێنی لەسەر عێراق هەیە، چونکە ئێمە دەبێت پابەندی رێککەوتنەکەی (ئۆپێک) بین کە بەرهەمهێنانی چوار ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، بەڵام ئێستا زیاتر لە 500 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەرهەمدێت لە رۆژێکدا، کەچی ئێمە یەک دۆلاریشمان پێناگات، دەبێت ئاستی بەرهەمهێنانی خۆمان کەمبکەینەوە تاوەکو پابەندبین بە رێککەوتنەکەی ئۆپێک".
قسەکانی غەزبان، ئاماژەن بۆ کێشەیەکی دیکەی هونەری لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان لە ئەگەری رێککەوتن لەسەر وەرگرتنی 250 هەزار بەرمیلەکە، بەو پێیەی ئۆپیک رێژەی هەناردەکردنی نەوتی بۆ ئەندامانی خۆی دیاری کردووە و عێراقیش بە وەرگرتنی نەوتی کوردستان، هەناردەی نەوتەکەی زۆرتر دەبێت.
بەڵام ئەندامێکی دیکەی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان کە داوای کرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، دەڵێت کورد ترسی ئەوەی هەیە رەوشی ئێستای عێراق بگۆڕێ. ئێستا گەمارۆدان و فشارخستنە سەر عادل عەبدولمەهدی چڕتر و زۆرتر بووە "ئەوەش شێواوییەکی دروستکردووە لە تێگەیشتنی هەردوولا بۆ رێککەوتنی نێوانیان". گوتیشی "کورد گەرەنتی نووسراوی دەوێ" گەرەنتییەکەش بۆ ئەوەیە " نەوەک دوای رێککەوتنەکە، فراکسیۆنە شیعەکانی بەغدا عادل عەبدولمەهدی، ناچاری دەستلەکارکێشانەوە بکەن و دواتر گرفت بۆ رێککەوتنەکە دروستبکرێت".
حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە 880 ملیار دینار دەداتە مووچەی فەرمانبەرانی، ئەمە جگە لەو بودجەیەی پێویستە دابینی بکات بۆ بەڕێوەبردنی حکومەت و فەرمانگەکانی و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان، بەڵام ئەو پارەیەی بەغدا رەوانەی دەکات، نیوەی مووچەی مووچەخۆرانە کە بڕی 450 ملیار دینارە.
سەرکۆ ئازاد، دەڵێ حکومەتی عێراق داوای داتایەکی گشتی قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستانی کردووە "بەڵام تاوەکو ئێستا رازی نەبووە بە دانەوەی قەرزەکان، گوتووشیانە ئەوە قابیلی ئەوەیە لە گفتوگۆدا بمێنێتەوە، لەوانەیە لە کۆتاییدا بەغدا رازی ببێ نیوەی قەرزەکان بداتەوە و نیوەکەی دیکە حکومەتی هەرێمى کوردستان لەو نەوتە بیداتەوە کە بەدەستییەوە دەمێنێتەوە بۆ فرۆشتن".
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەڵێ: "چەند لیژنەیەک بەردەوام سەرقاڵی داڕشتنەوەی بابەتەکانی گفتوگۆی نێوان هەردوولان، مەسەلەکە تەنیا نەوت نییە و هەموو پرسە ناکۆکەکانی نێوان هەردوولا دەکرێتە رەشنووسی دانوستاندن، بەڵام چاوەڕێین بەغدا ئامادەیی خۆی بۆ سەردانەکەی ئێمە دەرببڕێ".
